20 تەمووز 2025•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2025
ئەنقەرە - AA
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئەو هەواڵانەی بە درۆ خستەوە کە باس لە بە ئامانجگرتنی کۆمەڵەی دوورزییەکان لە سووریا دەکەن.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لە لایەن ناوەندەکەوە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە کە، ناوەڕۆکی ئەو ئیدعایە کە دەگوترێت "تورکیا کۆمەڵەی دوورزییەکانی لە سووریا کردووەتە ئامانج"، مەبەست لێی هاندانە و بە شێوەیەکی پلانداڕێژراو بڵاو دەکرێتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە، ئەم ئیدعایانە کەمپێنێکی بە ئاشکرای زانیاری نادروستن دژ بە سیاسەتی دەرەوەی مرۆڤدۆستانەی تورکیا، هاتووە:
"تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەیدا، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و یاساکانی نێودەوڵەتی سیاسەتێکی پێداگرانە و بەبنەما ڕەچاو دەکات کە ئاشتی و ئارامی کردووەتە پێشینە کارەکانی. تورکیا کە لە هەر دەرفەتێکدا کەڵک وەردەگرێت بۆ پشتیوانیکردن لە یەکگرتوویی سیاسی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا، هیچ شوێنێک نادات بە هەڵاواردنی ئەتنیکی و دینی و یان مەزهەبی و کەڕامەتی مرۆڤ و بنچینەی مافەکان بە بنەما وەرگیراون.
سەرکۆمارمان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی سیاسەتی تورکیا لەمەر سووریا، بە زمانێکی ڕوون بە دەیان جار دژایەتی خۆی لەگەڵ هەرچەشنە هەلاواردنێک لەسەر بنەمای شوناسی ئەتنیکی و مەزهەبی دووپات کردووەتەوە. ئەم هەڵوێستە تەنیا بە قسە نەبووە و لە چالاکییەکانی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و دەستپێشخەرییە دیپلۆماتییەکانیشدا لە گۆڕەپانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە".
- ڕێگە بەم جۆرە هەڵوێستانە نادرێت
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە، "لەسەرەتای قەیرانی سووریاوە، ئاوارەکانی سووریا بە بێ جیاوازی ئامێزیان بۆ کرایەوە و پرۆگرامە یارمەتییە مرۆییەکان و پشتیوانییە کۆمەڵایەتییەکان بە بێ جیاوازی هەموو گرووپەکانی گرتەوە".
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:
"لە سووریا هیچ کۆمەڵەیەک پەراوێز نەخراون و هەر شوناسێک لە مەزهەب و یان نەتەوەیەک بێت بە یەکسانییەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە. لە لایەکی دیکەوە زۆر بە ئاشکرا دەبیندرێت کە هەندێک لایەن کە ئەم تۆمەتە بێ بنەمایانە ئاراستەی تورکیا دەکەن، مەبەستیانە لە ناو پێهکاتەی دیموگرافیای هەستیاری ناوچەکە و گرووپە مەزهەبییەکاندا ئاڵۆزییەک دروست بکەن و ئەوەش بە مەبەستی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆیان ئەو چالاکییە پروپاگەندانەیان وەگەڕ خستووە. تورکیا بە مەبەستی دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و بە ئاراستەی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، بەردەوام دەبێت لەسەر بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتییەکانی خۆی. (تورکیا) هەڵوێستێکی پێداگرانەی دەبێت دژ بە هەرچەشنە چالاکییەکی جیاییخوازی و سیناریۆیەک کە مەبەست لێی پێکدادانی مەزهەبەکان بێت و هەڕەشە لە یەکێتیی سیاسی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا بکات و دەرفەتیش بەو جۆرە هەڵوێستانە نادات".
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕاشیگەیاند کە ئەوان لەسەر بنەمای ڕاستییەکان بەردەوام دەبن لە گەیاندنی زانیاری دروست بە ڕای گشتی نیشتمانی و نێودەوڵەتی و داواشی کرد کە گرنگی نەدرێت بە ناوەڕۆکی ئەو هەواڵانەی کە ڕاستییەکەی پشتڕاست نەکراوتەوە و بەلارێدابراو و مەبەستدارە.