Mehmet Şah Yılmaz
19 تەمووز 2025•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2025
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ ڕۆبیۆ ئەنجام دا.
بە پێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوە دەست کەوتووە، فیدان بە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی، لەگەڵ ڕۆبیۆ قسەی کردووە.
لە پەیوەندییەکەدا لەبارەی دۆخی سووریاوە گفتوگۆ کراوە.
فیدان وێڕای ئاماژەدان بە پێویستی کۆتایی پێهاتنی پێکدادانەکان لە سووریا و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەو وڵاتە، جەختی لەوە کردەوە کە لەم چوارچێوەیەدا پێویستە ئەو لێکتێگەیشتنەی کە لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتوون، جێبەجێ بکرێت.
هاکان فیدان ئاماژەی بەوەشدا کە دەستوەردانی ئیسرائیل لە دۆخی سووریا، ئەوەندەی دیکە دۆخەکە ئاڵۆز دەکات و گوتیشی، هەرچەشنە هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل جگە لەوەیکە زیان دەگەیەنێتە یەکپارچەیی خاک، یەکێتیی و سەرەوەری سووریا، لە هەمانکاتدا هەوڵەکانی ئاشتی لە ناوچەکەش دەخاتە مەترسییەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا بە هاوتا ئەمریکاییەکەی ڕاگەیاند کە هەرگیز ڕێگە نادەن ڕێکخراوی تیرۆریستی دۆخی باشووری سووریا بقۆزێتەوە.
هاکان فیدان وێرای دەربڕینی پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵە بونیادنەرەکانی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی ئەمریکا و هەر وڵاتێک بە مەبەستی ڕاگرتنی هەمیشەیی پێکدادان و گرژییەکان و ڕاشیگەیاند، ئەو دەرفەتەی کە بۆ بونیادنانی داهاتووی گەلی سووریا هاتووەتە پێشەوە پێویستە لەدەست نەچێت.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەروەها لەبارەی دۆخی غەززە و هەوڵەکان بۆ ئاگربەست لە ناوچەکەش گفتوگۆ کرا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی خوازیاری ئەوەیە کە چی زووە ئاگربەستێکی بەردەوام جێبەجێ بکرێت و ڕێگە بدرێت بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان.