Mehmet Şah Yılmaz
29 ئادار 2025•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2025
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هێرشکردنە سەر لوبنان و پێشێلی ئاگربەست لە لایەن ئیسرائیلی سەرکۆنە کرد.
لەم بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە، "هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کە پێشێلکردنی بڕیاری ئاگربەستە، ئیدانە دەکەین" و پشتیوانی وڵاتەکەش بۆ لوبنان دووپات کراوەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، "ئیسرائیل جارێکی دیکە سەلماندی کە گوێ بە یاسای نێودەوڵەتی نادات و بەردەوامە لەسەر هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە" و هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە، "پێویستە کۆمەڵگای جیهانی بەیەکەوە دژ بە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێک لە ناوچەکە یەکگرتوو بن".
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی ڕابردوو بە بیانووی هێرشی مووشەکی بۆ سەر باکووری وڵاتەکەیان، دوای چوار مانگ لە ئاگربەست، هێرشی ئاسمانی کردە سەر بەیروت'ی پایتەختی لوبنان.
لە دوای ٢٧ی تشرینی دووهەمی ٢٠٢٤ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ لوبنان، ئەوە یەکەمجار بوو ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بەیروت ئەنجام بدات.