Şerife Çetin
01 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2021
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند کە بە نیگەرانی قوڵەوە لە کودەتا سەربازییەکەی میانمار دەڕوانن و بەتوندی ئیدانەی دەکەن. جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تورکیا دژبە هەموو جۆرە کودەتا و دەستوەردانێکی سەربازییە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، داواکراوە کە لە کورترین ماوەدا ئەو پەرلەمانە نوێیەی بە ئیرادەی ئازادی گەل هەڵبژێردراوە کۆببێتەوە و بەربەستەکانی بەردەم سەرکردە هەڵبژێردراوەکان و دامەزراوە دیموکراسییەکان دانراوە هەڵبگیرێن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ''بە نیگەرانی قوڵەوە لە دەستبەسەرداگرتنی حکوومەت دەڕوانین لە لایەن هێزە چەکدارەکانی میانمارەوە و بەتوندی ئیدانەی دەکەین. تورکیا دژبە هەموو جۆرە کودەتا و دەستوەردانێکی سەربازییە''.
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، چاوەڕوانن دەستبەجێ سەرجەم سەرکردە هەڵبژێردراوەکان، کەسایەتیە سیاسییەکان و کەسانی مەدەنی کە راگەیەندراوە دەستگیرکراون ئازاد بکرێن، هیواش خوازراوە ئەو پێشهاتە سامناکە رەوشی موسڵمانانی رۆهینگیا خراپتر نەکات کە لە بارودۆخێکی سەختدا لە میانمار دەژین.