Sangar Hamad Azeez
12 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2016
لە شاری وان لەنێوان بینای پارێزگا و بارەگای ئاکپارتی لە شارەکە، تەقینەوەیەک روویداو بەهۆیەوە ٤٨ کەس برینداربوون کە برینی دووانیان سەختە.
لە روونکردنەوەیەکی نووسراودا پارێزگای وان رایگەیاند: ''لەئهنجامی پەلامارێکدا کە چەکدارانی پەکەکە لە رێگەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبرێژکراوەوە ئەنجامیاندا ٤٨ کەس بریندار بوون کە دوو پۆلیس و ٤٦یان هاووڵاتی سڤیلن".
دوای رووداوەکە بریندارەکان گەیەنرانە نەخۆشخانە و ئۆتۆمبیلە تەقێنراوەکەش لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەوه کوژێنرایهوه.
هاوکات بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکە بینای بارەگای ئاکپارتی و بیناکانی نزیک لە رووداوەکە زیانیان بەرکەوت.
لە ئێستادا پۆلیس رێوشوێنی ئەمنیی لە ناوچەکە گرتووهتە بەر و لێکۆلینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.