Yıldız Nevin Gündoğmuş
30 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2016
یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی بۆ کاروباری ژینگە، شارەکان و کولتوور چیدەم کارائارسڵان، سەبارەت بە دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو شوێنانەی لە ناوچەی سووری دیاربەکر زیانیان بەرکەوتووە، رایگەیاند: ''ئەمە پرۆژەی گۆڕینی شێوەی شارەکە نییە، پرۆژەی شوێنی نیشتەجێبوونی بەکۆمەڵیش نییە، بەڵکو پرۆژەی دووبارە ژیاندنەوەیە''.
کارائارسڵان لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد دەوڵەت هەموو تواناکانی خۆی خستووەتە گەڕ بەمەبەستی دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە.
چیدەم کارائارسڵان ئاشکرایکرد ناوچەی سوور لە دیاربەکر چەندین شوێنەواری مێژوویی تێدایە و ئاسەواری ئەو شارستانێتییەی هەڵگرتووە کە مرۆڤایەتی پێشکەشی کردووە ''بەڵام تیرۆر هەوڵی داوە لەرێگەی زیان گەیاندن بە شوێنەوارە مێژووییەکان یادەوەری هاوبەش و پەیوەندییەکان بپچڕێنێت''.
یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی بۆ کاروباری ژینگە، شارەکان و کولتوور ئاماژەی بەوەکرد پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی ناوچەی سوور یەکێکە لە بەرنامەکانی ٦١ەمین حکوومەتی تورکیا و رایگەیاند: ''ئێمە وەک حکوومەتەکانی ئاک پارتی گرنگی زۆرمان بە ناوچەی سوور داوە و چ وەک بەشێک لە وڵاتەکەمان و ئەو جوگرافیایەی تێیدا دەژین، چ وەک بەهایەکی گرنگی مرۆڤایەتی. بەدڵنیاییەوە شارۆچکەکانی دیکەش گرنگن بەلامانەوە، بەڵام ئەو پەیامەی سوور دەیداتە جیهان، پەیامێکی ئێجگار گرنگە. ئەوەی کە داعش لە تەدموور ئەنجامیدا، ویسترا هەمان ئەو کارە بەرامبەر بە سوور ئەنجام بدرێت. ئێمە هەرگیز رێگە بەمە نادەین. لەرێگەی گەشەپێدانی زیاتری ئەو شوێنەوارانەوە، جوانتر کردنیانەوە دەیخەینەوە خزمەتی گەلەکەمان. ئێمە لەوێ خەیاڵێکمان هەیە، بۆ ئەوەی ئەو خەیاڵەشمان بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، خەباتێکی گەورە دەکەین و ئیرادەیەکی بەهێزمان هەیە''.
دواتر کارائارسڵان گوتی: ''لەرووی کۆمەڵایەتییەوە بۆ پرۆژەی ژیاندنەوەی ناوچەی سوور، لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ریشسپییەکان، لەگەڵ دوکانداران و بازرگانان کۆدەبینەوە. چونکە ناکرێت بێ گوێدانە ژیان لەوێ، پرۆژەیەکی لەو جۆەر جێبەجێ بکرێت''، جەختیشی لەوەکردەوە ''ئەمە پرۆژەی گۆڕینی شێوەی شارەکە نییە، پرۆژەی شوێنی نیشتەجێبوونی بەکۆمەڵیش نییە، بەڵکو پرۆژەی دووبارە ژیاندنەوەیە''.