Mesut Varol
13 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2023
وان – AA
بەهۆی کەمبوونەوەی بارانبارین و زیادبوونی بە هەڵمبوونی ئاو لەم چەند ساڵەی دواییدا ئاستی ئاوی دەریاچەی وان کەم بووەتەوە، وێڕای بارینی بارانێکی باش لە بەهاری ئەمساڵدا کەچی هێشتا ئاستی ئەو لەو دەریاچەیە کەم دەکات.
بەهۆی داکشانی ئاوی دەریاچەکەوە تا دێت مایکرۆبیاڵەتی و ئەو شتانەی دیکەی لەژێر ئاوی دەریاچەکەدا بوون لە کەناراوەکانی دەریاچەکانی ئەردەمیت، گەڤاش، ئەرجیش و مورادییە لە پارێزگای وان و تاتوان لە پارێزگای بەدلیس دەردەکەون.

بەهۆی تۆمارکردنی دیمەنی کەناراوەکان لە رێگای درۆنەوە گۆڕانکاری وەرزیی و ئاستی کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەکە دەردەکەوێت.
مامۆستا لە بەشی جوگرافیا لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی یوزنوجو یڵ/وان، پڕۆفیسۆر دکتۆر فاروق عەلائەدینئۆغڵو بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە ئاووهەوا بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەم دۆخە ئیدی رەهەندی قەیراناوی لێ کەوتووەتەوە هۆشداریشی دا لەوەی گەرمبوونی زەوی شتێکی کاتی نییە و تا دێت ئاماژە مەترسیدارەکان زیاتر دەردەکەون.

عەلائەدینئۆغڵو بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی وان بۆ گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی ئاووهەوا دەگەڕێتەوە، گوتی: "ئەو کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەی لە هاوینی رابردوودا لەو دەریاچەیە رووی دا، ئێستا لە بەهاردا روو دەدات. ئەگەری ئەوە زۆرە بەهۆی زیادبوونی بەهەڵمبوون لە پاییزدا دەریاچەکە رێژەیەکی زیاتری ئاوی لە دەست بچێت و ناوچەیەکی زیاتریشی ببێت بە خاک".
