Utku Şimşek
10 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2025
ئایدن - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لە ڕێگەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لەودیوى سنوور ئەنجامماندان، ئەو ناوچەی تیرۆرەی ویسترا لە باکووری سووریا دروست بکرێت لە چوارلاوە تێکمانشکاند و شکستمان پێهێنا. بەو شێوەیەش ڕێگەمان نەدا ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز بە پاسەوانی ئیمپریالیستە ئەفەندییەکانی لە باشوورەوە تورکیا گەمارۆ بدات".
لە میانی بەشداری کردنی لە هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی ئاک پارتی لە پارێزگاکان لە ئایدن، سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی ئەردۆغان، گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار وەڵامی ئەو کەسانەی دایەوە کە ڕەخنە لە وەبەرهێنانەکانیان لە بواری گواستنەوە دەگرن و، ڕایگەیاند: "دوو قسەم هەیە بۆ ئەو کەسانەی ڕەخنە لە وەبەرهێنانەکانمان لە گواستنەوەەماندا دەگرن. جیاوازیمان لەگەڵتاندا تەنیا دیدگا نییە، بەڵکو جیاوازی نیەت و تێگەیشتن و عەقڵیەتە".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە دۆخی سووریا کرد و، ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دیمەشقی ئازاد کرد، تیرۆریستانی جوداخواز باش گیریانخواردووە و ئێستا بە دوای سەردەستەى نوێدا دەگەڕێن بۆ خۆیان".
گوتیشی: "تەنیا دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە، یان تەوبە لە تیرۆر دەکەن و چەک دادەنێین، یانیش ناتوانن لە تەسفیە کردن ڕزگاریان ببێت".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر کرد و، رایگەیاند: "پشتیوان بە خودا هەوڵ دەدەین بە ئەنجامدانی ئامانجەکەمان کە تورکیای بێ تیرۆرە، ئەگەر کەمێکیش بێت قەرزی سوپاسگوزاری شەهیدەکانمان بدەینەوە. پشتیوان بە خودا وڵات و گەلەکەمان لە بەڵای تیرۆری جوداخواز ڕزگار دەکەین کە ٤٠ ساڵە وەک زەروو خوێن و سەرچاوەکانمان دەمژێت. بە ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵمان لە باکووری عێراق دیوارێکی پتەومان لە نێوان قەندیل و وڵاتەکەمان دروست کرد. لە ڕێگەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لەودیوى سنوور ئەنجامماندان، ئەو ناوچەی تیرۆرەی ویسترا لە باکووری سووریا دروست بکرێت لە چوارلاوە تێکمانشکاند و شکستمان پێهێنا. بەو شێوەیەش ڕێگەمان نەدا ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز بە پاسەوانی ئیمپریالیستە ئەفەندییەکانی لە باشوورەوە تورکیا گەمارۆ بدات".
