Ramal Mahmood
21 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2016
شاندێک کە پێکدێت لە گەورە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی دادی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی تاوتوێکردنی رادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن بۆ ماوەی دوو رۆژ سەردانی تورکیا دەکات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، شاندەکە لە چوار کەس پێکدێت، سێ گەورە بەرپرس لە وەزارەتی داد و نوێنەرێکی وەزارەتی دەرەوە، رۆژی دووشەممە دەگەنە تورکیا.
بەمەبەستی رادەستکردنەوەی سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ، فەتحوڵڵا گولەن، شاندەکە لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دادەنیشن و گفتوگۆ دەکەن. شاندەکە رۆژانی ٢٣-٢٤ی ئاب لەبارەی هەوڵی کودەتاکە و رادەستکردنەوەی گولەن لەگەڵ لێپرسراوان یەکتر دەبینین.
بەر لە گەیشتنی شاندەکە، لەسەر راسپاردە و رێنماییەکانی وەزیری داد، بەکر بۆزدۆغ گەورە بەرپرسانی وەزارەتەکەی ئامادەکاریی تەواویان کردووە. وێڕای ئامادەکردنی دۆسیە نێردراوەکان لەبارەی رادەستکردنەوەی گولەن، بەڵگەی گرنگیش لە بارەی هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز کە بە فەرمانی فەتحوڵڵا گولەن بووە بۆ شاندە ئەمریکیەکە دەخەنەڕوو.
لەدوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمموز، لەلایەن رێکخراوی فەتۆ-وە، حکوومەتی تورکیا داوای بەپەلە رادەستکردنەوەی سەرۆکی ئەو رێکخراوە، فەتحوڵڵا گولەنی کرد. وەزارەتی دادی ئەمریکاش، نامەیەکی بۆ وەزارەتی دادی تورکیا نارد. لەنامەکەدا پێشنیازی ئەوەی کردبوو، لەبارەی تاوتوێکردنی رادەستکردنەوەی گولەن شاندێکی وەزارەتی دادی تورکیا، سەردانی ئەمریکا بکات، یاخود شاندێکی وەزارەتی دادی ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە رووبکاتە تورکیا.
وەزارەتی دادی تورکیاش لە وەڵامی نامەکەدا داوای کرد، سەرەتا شاندەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا بێتە تورکیا، دواتریش شاندی تورکیا بچێتە ئەمریکا.
وەزارەتی دادی ئەمریکاش، داواکەی تورکیای قبووڵ کرد و رایگەیاندبوو، کە شاندێک رەوانەی تورکیا دەکەن.