وان
لە سایەی پڕۆسەی چارەسەری کە بەدەستپێشخەری سەرۆکوەزیر رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستپێکراوە، خەڵکی رۆژھەڵات و باشووری رۆژھەڵات، دوای بێدەنگبوونی چەکەکان خۆشترین و ئارامترین وەرزی ھاوینیان بەسەربرد، بەتایبەت بەھەزاران شوان کە بەر لە ٨ مانگ روویان لەو کوێستانانە کرد کە بەرزایەکانیان ھەزاران مەترە، لەگەڵ دەستپێکرنەوەی وەرزی سەرمادا وا خەریکە لە کوێستانەکان دێنە خوارەوە.
ئەو شوانانەی لە ماوەی ٨ مانگ خواردنیان لەسەر سێکۆچکەی بەرد لێدەنا، ئەوانەی چایان بە ئاگری کویسَتان دەم دەکرد، ئەوانەی نەوەکو ئاژەڵی کێوی ھێرشیان بکاتە سەر ٢٤ سەعات پاسەوانیان دەکرد، دەڵێن لە سایەی پڕۆسەی چارەسەری لە ماوەی ئەو ٣٠ ساڵەی رابردوو خۆشترین وەرزمان بەڕێکرد، داوا دەکەن ئەو پڕۆسەیە بەم شێوەیە بەردەوام بێ.
سەبری ئینال کە ٣٨ ساڵە بە شوانەتی ژیانی خێزانەکەی لەگەڵ ئیسماعیل ئینالی برای دابین دەکات لە لێدوانێکی بۆ AA دەڵێ دوای ئەوەی سەرەتای بەھار مێگەلەکەمان بردە کوێستان، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی سەرما ھەنگاو بەھەنگاو لە شوێنە بەرزەکان دێینە خوارەوە.
سەبری دەڵێ ٨ مانگ بەبێ ئەوەی بڵێین شەوە یان رۆژە مێگەلەکانمان لەوەڕاند، بارودۆخەکە ھەرچیەک بێ ھەوڵ دەدەین بە جوانترین شێوە ئەرکەکانمان بەجێ بگەینین.
ئینال جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان شەو بەنۆرە پاسەوانیی مێگەلەکانیان کردووە. لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "بە شوانی ژیانی خێزانەکەم دابین دەکەم. لەبەرئەوەی کەش ساردبوو، تا بەیانی بەباشی نەدەخەوتم. بەشەو لەگەڵ براکەم بە نۆرە پاسەوانی مێگەلمان دەکرد. بەتایبەتی لە کوێستانە بەرزەکان بەھۆی بارینی بەفر ساردتر دەبوو، بۆیە ھەنگاو بەھەنگاو بەرەو خوارەوە دەگەڕاینەوە."
خەونی شوانێک
ئینال، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوو، خۆشترین وەرزی بەسەر بردووە، لەھەمان کات دەڵێ پێش ماوەیەک خەونی بەسەرۆکوەزیر ئەردۆغانەوە بینیوە. بەم شێوەیە باسی ئەو خەونە دەکات:"لەخەوما لە شوێنێکی قەڵەباڵغ چوومە لای سەرۆکوەزیر بە دوورودرێژی قسەم لەگەڵ کرد. پێم گووت ئەی سەرۆکوەزیر، رێگایەکی چارەسەری بۆ شوانەکانیش بدۆزەوە. بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ ئێمەش دابین بکە. لە وەڵامدا پێی گوتم خەمت نەبێ، ئێستا بۆ ئێوە شتێک لە ئارادا نییە، بەڵام بۆ ئێوەش پاکێجەیەک ئامادە دەکەم زۆر دڵخۆش بووم بەو خەونە."
ئیناڵ لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: "تا ئەمڕۆ سەرۆکوەزیر چ گفتی دابێ جێبەجێی کردووە. سەرۆکوەزیرم زۆر خۆش دەوێت. چونکە ھەموو کاتێک پشتگیری لە ھەژاران دەکات. ھەموو کاتێک بۆ ئەوان کار دەکات. ئەو دۆخەی لەسایەی پڕۆسەی ئاشتی دەستی پێکردووە، بۆ ئێمە ئێستا جیھانێکی زۆر ئارام و جوانی دروستکردووە."
ئینال، پێی وایە ناوچەکە بەھۆی رووداوەکانی رابردوو زۆر خوێنی لێ رژا، وەکو ئەوان ھەموو کەس زۆر زەحمەتی بینی، ھەروەھا باسی ئەوە دەکات کە ئەوان لەم ١٠ مانگەی دوایی ھیچ زەحمەتیەکیان لە رووی ئەمنیەوە نەبینیوە.
ئیسماعیل ئینال کە ١٨ ساڵە بە شوانی ژیانی خێزانەکەی دابین دەکات، دەڵێ گەورەترین زەحمەتیم ئەوەیە لە جەژنی رەمەزان و قوربان ناتوانم لەگەڵ خێزانەکەم بمێنمەوە.
ئینال پێیوایە سەرەڕای دەستکورتییان، بەڵام خێزانەکەی دڵخۆشە بەو ئارامیەی لەسایەی پڕۆسەی چارەسەری ھاتۆتەئاراوە: "پێم وایە پڕۆسەی چارەسەری زۆر باش و بەسوودە. بە پشتیوانی خودا بەبێ ئەوەی سارد ببێتەوە بەردەوام دەبێ."