Sangar Hamad Azeez
23 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2017
قەرس - AA
لە شاری قەرس کە بە شارێکی گرنگ لە رووی پێگەیاندنی قازەوە دەناسرێت، دەست بە سەربڕینی قازەکان کرا.
لە شارۆچکەی ساریکامش سەربە قەرس، دوای بارینی بەفر دەست بە کارێکی پڕ جۆش و خرۆش لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی قازدا کرا.
ئەو قازانەی لە ناوەندی قەرس و گوندەکانی دەورووبەر پێگەیەنراون، سەردەبڕدرێن و خوێدەکرێن و هەڵدەگیرێن بۆ ئەوەی بکرێنە ژەمی بەتامی وەرزی زستان.
قازە وشککراوەکان دوای ماوەیەک دەفرۆشرێن و خوانی دانیشتوان و ئەو گەشتیارە بیانیی وخۆماڵییانەی پێ دەڕازێنرێتەوە کە روو لە ناوچەکە دەکەن.
گۆشتی قاز جگە لە قارس بۆ ژمارەیەک شاری دیکە دەنێردرێت و لەلایەن کڕیارانەوە بایەخێکی زۆر و تایبەتی پێدەدرێت.
لای خۆیشیەوە بەخێوکەری قاز لە شارۆچکەی ساریکامش، ئۆمورجان ئینان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد ئەمساڵ نزیکەی هەزار و ٥٠٠ قازیان بەمەبەستی سەربڕین پێگەیاندووە.
باسی لەوەشکرد تەنها جۆ دەدەنە قازەکان و ئەو قازانەشی کە بەفر دەخۆن گۆشتەکەیان بەلەزەتتر دەبێت و گوتی: ''چاوەڕێی ئەوەبووین پێش ئەوەی سەریان ببڕین، بەفر ببارێت. بەفر باری و ماوەی چەند رۆژێکە قازەکان بەفر دەخۆن. بەفرەکە چێژێکی جیاواز دەداتە گۆشتی قازەکان''.