Ferdi Türkten
07 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2019
ئەسکیشەھیر - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "لە ئێستادا رۆژھەڵاتی فوڕات لە رۆژەڤی ئێمەدایە. ئەویش ئینشائەڵڵا لە دوای چەند ھەفتەیەک بەدڵنیاییەوە رێگەی چارەسەریی دەدۆزینەوە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە خوانێکدا لەگەڵ رێکخستنی لقی ئاک پارتی لە شاری ئەسکیشەھیر کۆبووەوە و تێدا وتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بەستنی کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەی گوتی: "رۆژمێری حەوتەمین کۆنگرەی گەورەمان لە ٧ی تشرینی یەکەم دەست پێ دەکات و ئاک پارتی بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتر دەچێتە قۆناغی باشتر بەڕێوەبردن و چاککردن. ئاک پارتی ھەرگیز دژی گۆڕانکاری نەبووە وەک پارچەیەکی جیانەبووەوەی ژیان. بە پێچەوانەوە ھەمیشە بە لایەنی ئەرێنییەوە رێگای گۆڕانکاری کردووەتەوە".
ئەردۆغان لەبارەی بەڵێنی ھاوکاری وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا رایگەیاند: "ئەگەر بوو ئەوا ببێت، ئەگەرنا ھیچ چارەسەرێکی دیکە بەدەر لە کردنەوەی دەرگاکان نییە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی باکووری سووریا رایگەیاند: "زیاتر لە ٣٠ ھەزار بارھەڵگری پڕ چەک و تەقەمەنی لەلایەن ئەمریکاوە رەوانەی ئەو ناوچەیە کراوە. ئەمانە لەگەڵ کێ شەڕ دەکەن، تاکە وڵاتێک ھەیە ئەویش تورکیایە. ئایا ئێمە چاوپۆشی لەمە دەکەین، ئایا ئێمە بێ دەنگ دەبین".
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "رۆژی پێنجەشەممەی داھاتوو، ئەنجوومەنی بازاڕی دراو کۆدەبێتەوە، پێموایە رێژەی وەرگرتنی سوو زیاتر دادەبەزێت. لەگەڵ دابەزینی سوو، رێژەی ھەڵاوسانیش دادەبەزێت، ئەمە دەبینن".