Ecenur Çolak,Muhammet Ali Kemal
23 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2019
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون، سەبارەت بە دۆخی سووریا، رایگەیاند "یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەقامگیریی سیاسیی لەو وڵاتە، کاری سەرەکی لە پێشینەی تورکیان. بەردەوام دەبین لە کارکردن بە ئاراستەی ئەو ئامانجانە".
فەخرەددین ئاڵتون بەر لە سەردانەکەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ رووسیا لە رێگەی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر روونکردنەوەی دا.
ئاڵتون باسی لەوەکردووە ئەمڕۆ بە مەبەستی تاوتوێکردنی بابەتە هەرێمایەتییەکان و لەسەروو هەمووشیانەوە دوایین پێشهاتەکانی سووریا و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-رووسیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا جەختی لەوەکردووەتەوە کە وڵاتەکەی تەنها لەگەڵ سەرجەم جۆرەکانی تیرۆر ناجەنگێت بەڵکو هاوکات لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ئەو قەیرانە وێرانکەرە بدۆزێتەوە کە لە پاڵیدایە.
فەخرەددین ئاڵتون رایگەیاندووە "یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەقامگیریی سیاسیی لەو وڵاتە، کاری سەرەکی لە پێشینەی تورکیان. بەردەوام دەبین لە کارکردن بە ئاراستەی ئەو ئامانجانە".