Muhammet Ali Kemal
31 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2016
هەریەک لە ئاژانسی ئانادۆڵو (AA) و ئاژانسی ناوەندیی هەواڵی تایوان (CNA) لە تایپێی پایتەختی ئەو وڵاتە، یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بەمەبەستی هاریکاریی نێوانیان واژۆ کرد.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی AA، موستەفا ئۆزکایا، بەڕێوەبەری گشتیی CNA فان شیانگ لین، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی CNA نێل لو، بەڕێوەبەری بڵاوکردنەوەی هەواڵی نێودەوڵەتی لە AA، فاروک تۆکات و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی هەردوولا لە رێوڕەسمی واژۆکردنی یادداشتنامەکەدا بەشدارییان کرد.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئۆزکایا، لە گوتەیەکدا کە لە رێوڕەسمەکە رایگەیاند: ''ئەمڕۆ بۆ AA و CNA رۆژێکی گرنگە. بەپێی ئەو یادداشتی لێکتێگەیشتنەی واژۆمان کردووە، هەردوولا دەتوانن هەواڵ، فۆتۆ و ڤیدیۆی یەکتر بەکاربهێنن. ئاژانسەکان دەبنە خاوەنی ئەو تایبەتمەندێتییەی لە تایوان و تورکیا بەشێوەیەکی خێرا دەستیان بە هەواڵەکان رابگات''.
موستەفا ئۆزکایا باسی لەوەکرد ئاژانسەکەیان لە رێگەی ئەو یادداشتەوە هاوبەشێکی گرنگی بۆ هەواڵەکانی ئاسیا-زەریای هێمن دەست کەوتووە و گوتی: ''ئاژانسی ئانادۆڵو خاوەنی توانایەکی ئەوتۆیە کە ئەو هەواڵ و وێنانەی لە تایوانەوە بۆی دێت بە ١١ زمان بڵاویان بکاتەوە. بڕوامان وایە ئەنجامە ئەرێنییەکانی واژۆکردنی ئەم یادداشتنامەیە لە ماوەیەکی کورتدا دەبینین. زۆر سوپاسی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ئاژانسی ناوەندیی هەواڵی تایوان دەکەم بۆ میواندارییان'.
لەبەرامبەردا بەڕێوەبەری گشتیی CNA فان، ئاماژەی بەوە کرد ئاژانسەکەیان ماوەی ٩٢ ساڵە خزمەتگوزاریی هەواڵیی پێشکەش دەکات و گەورەترین ئاژانسە لە تایوان. باسی لەوەشکرد واژۆکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە لەگەڵ تورکیادا کە خاوەنی مێژوو، کولتوور و شارستانێتییەکی گەورەیە و پردی نێوان ئاسیا و ئەورووپایە، زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئاژانسی ناوەندیی هەواڵی تایوان ئاگاداری پێشهاتەکانی جیهان بێت.
فان خۆشحاڵی بە واژۆکردنی یادداشتنامەکە نیشان دا و گوتی: ''هەردوولا دەتوانن هەواڵ، فۆتۆ و ڤیدیۆی یەکتر بەکاربهێنن''. ئاماژەی بەوەشکرد ئەمە هەنگاوی یەکەمی هاریکارییەکانی نێوانیانە و بۆ لەمەودوا هاریکارییەکانی نێوانیان زیاتر پەرە پێ دەدەن.