Betül Aklan
20 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2023
ئادانا – AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن کە بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی ناوچە کارەساتبارەکان سەردانی بنکەی ئینجیرلیک-ی کرد، جەختی لەسەر پێداگیری وڵاتەکەی کردەوە لە پشتیوانیکردنی تورکیا.
بلینکن لە میانی سەردانیکردنی فەرماندەیی بنکەی سەربازیی ئینجیرلیک لە ئادانا، بە ئاماژەدان بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی بوومەلەرزەکان، سەرنجی خستە سەر ئەوەی هەر دوای بوومەلەرزەکان ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە، دەستبەجێ کەوتنە جموجۆڵ و وڵاتەکەی جگە لە تیمە پەیوەندیدارەکان، هەروەها هاوکاری مرۆییان بە بەهای نزیکەی ٨٥ ملیۆن دۆلار رەوانەی تورکیا کردووە و بەردەوامیش دەبن لە رەوانەکردنی هاوکارییەکانیان بە بەهای ١٠٠ ملیۆن دۆلاری دیکە و بۆ ئەم مەبەستەیش لە هەماهەنگی نزیکدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
بلینکن بیری خستەوە کە داوایشیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بە بەهای یەک ملیار دۆلار هاوکاری مرۆیی رەوانە بکات بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا و گوتی: "ئەوەی لە تواناماندا بێت درێغی ناکەین بۆ هاوکاریکردنی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان. پێویستە گەلی تورک بزانێت کە ئەمریکا لەگەڵیاندایە و تاکوو تێپەڕینی ئەو دۆخەیش لەگەڵیاندا دەبێت".