Mohammed Baqi Hussein
20 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2015
عهنتاب
پرۆفیسۆر دكتۆر مستەفا موسلیم براگەورەی هاوسەرۆكی پەیەدە ساڵح موسلیم رایدەگەیەنێت كە پەیەدە نوێنەرایەتی سەدا 10ی كوردی سووریا دەكات و دەڵێت: "هۆكاری بەهێزی پەیەدە ئەوەیە چەكیان هەیە. هەركەسێك دژایەتییان بكات دەستگیری دەكەن و نایانەوێت بۆچوونی جیاواز لەبەرامبەریاندا سەرهەڵبدات".
مستەفا موسلیم لەلێدوانێكیدا بۆ پەیامنێری ئانادۆڵو گوتی: "توركیا بێ گوێدانە نەژاد و مەزهەب میوانداری لێقەوماوانی جەنگی نێوخۆیی سووریای كردووە".
موسلیم ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە ساڵی رابردوو هەزاران كوردی رۆژئاوا لە كۆبانێوە بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە روویان لە توركیا كردووە.
موسلیم گوتی: "ئەگەر تورك دەرگای ماڵەكانیان نەكردایەتەوە، هاووڵاتییانی كورد لەسەر شەقام و لەبرساندا دەمردن. هەڵوێستی حكوومەت و خەڵكی توركیا بەرامبەر پەنابەرانی كۆبانێ شەرەفمەندانە بوو، مێژوو بەمشێوەیە دەینووسێتەوە".
موسلیم باسی لەوە كرد پەیەدە كە براكەی خۆی هاوسەرۆكیەتی و كۆبانێی بەدەستەوەیە، بەم دواییە توانیویەتی بەباشی میدیاكانی نێودەوڵەتی بەكاربهێنێت.
- "پێكهاتەی راستەقینەی باكووری سووریا پەكەكەیە"
موسلیم ئاماژەی بەوەدا هەرچەندە لە باكووری سووریا 15 لایەنی سیاسیی هەیە، بەڵام پەیەدە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا نوێنەرایەتی كورد دەكات.
موسلیم گوتی: "لە ئێستادا پێكهاتەیەك نییە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی. تەنها كانتۆنەكان لەگەڵ دەسەڵاتی خۆجێی بەڕێوەی دەبەن. پێكهاتەی راستەقینەی باكووری سووریا پەكەكەیە. پەیەدە و یەپەگە باڵی پەكەكەن. پەكەكە پەیەدەی دامەزراندووە و یەپەگەش هێزی چەكداری پەیەدەیە".
مستەفا موسلیم رایگەیاند پەیەدە نوێنەرایەتی سەدا 10ی كوردانی سوریا دەكات.
ناوبراو باسی لەوە كرد كە لە ناوچەكانی كوردی لە سووریا دیموكراسی تەنها بەناو هەیە.
موسلیم گوتی: "هۆكاری بەهێزی پەیەدە ئەوەیە چەكیان هەیە. هەركەسێك دژایەتییان بكات دەستگیری دەكەن و نایانەوێت بۆچوونی جیاواز لەبەرامبەریاندا سەرهەڵبدات".
- "ئەوانەی رێككەوتنی نهێنی ئەنجامدەدەن ئەمڕۆ لەگەڵ یەكتر دەجەنگن"
موسلیم بانگەشەی ئەوە دەكات پەیەدە بە نهێنی ئەو نەوتەی لە حەسەكە دەریدەهێنێت لەڕێگەی بازرگانەكانەوە بە رژێمی سووریای دەفرۆشێت و گرووپەكانی سووریا بە نهێنی بازرگانی بە نەوتەوە دەكەن و ملیۆنەها دۆلاریان دەستدەكەوێت.
لەبارەی پێكدادانی نێوان گرووپەكانی سووریاوە موسلیم گوتی: "ئەوانەی رێككەوتنی نهێنی ئەنجامدەدەن ئەمڕۆ لەگەڵ یەكتر دەجەنگن".
موسلیم ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە ساڵح موسلیمی برای لە توركیا خوێندنی تەواوكردووە و ئەمیش هاوكاری كردووە.
موسلیم دەڵێت براكەی بۆ فێربوونی زانست ناردۆتە ئیستانبوڵ بەڵام لەوێ كەسانی دیكەی ناسیووە.
موسلیم گوتی: "لەوێ كەسانی دیكەی ناسی. كاتێك ئەمەم زانی، لە سعوودیە كارێكمان بۆی دۆزییەوە. دوای 10 ساڵ لەكاركردن گەڕایەوە بۆ سووریا. لەگەڵ چەپڕەو و نەتەوەپەرستەكانی وڵاتەكەمان دەستی بەكاركردن كرد".