ھەولێر
لە لێدوانەکەدا کە کۆپیەکی دەست AA کەوتووە، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات کە چەند رۆژێکە لە ژمارەیەک سایت و میدیادا قسە لەسەر ئەوە دەکرێ رێنەدراوە ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی- پەیەدە ساڵح موسلیم بگاتە ھەرێمی کوردستان، چەند ساڵی رابردوو سنوورەکان بەرووی خەڵکدا لە نێوانیشاندا ساڵح موسلیم کراوەبووە و بەم ھۆیەوە ھەرێم توشی گرفتاری و ھەڕەشەی زۆربوو، بەڵام ئاسانکارییەکی بێ سنووریان بۆ کرا.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ھەروەھا دەڵێ: "سەرباری ھەموو کێشەکان بەرێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە شەخسی و زۆر بە پەرۆشەوە بەدوادچوونی بۆ بارودۆخی رۆژئاوا دەکرد و ھەوڵیدا یارمەتی ھێزە کوردییەکانی سوریا بدا بۆئەوەی لەژێر چەترێکی نەتەوەیی کۆیان بکاتەوە تا کورد لە سوریا ببێتە خاوەن گوتارێکی ھاوبەش ئەویش لەچوارچێوەی رێکەوتنی ھەولێر، بەڵام پەیەدە لەگەڵ ئەوەی سوودی لەو رێکەوتن و ئاسانکارییانە بینی لە ھەمان کاتدا بە ھاوکاریی رژێمی سوریا خۆی بەزۆری تۆقاندن و کوشتن فەرزکرد و رێگریی لە ھێزە کوردییەکانی دیکە کرد."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دەڵێ: "لەگەڵ ھەموو ئەوانە، ئاسانکاریی زۆر بۆ ساڵح موسلیم کراوە کە ھامشۆ بکات و بەرێزەوە ناردومانەتە دەرەوە، بەڵام لێدوان و ھەڵویست و رەفتارە ناشیاوەکانی، دەرچوونە لە ئەجێندای نەتەوەیی و یەکگرتوویی گوتاری کورد بەروونی خزمەتکردنی رژێم و تەندڕۆیی و پەیمان شکێنیە. دەبێ سەرەتا پەیەدە تاوانەکانی خۆی دەرحەق بە رۆڵەکانی کورد بشۆنەوە و خۆیان تەربیەت بدەن پاشان باسی تەربیەتی ھەرێمی کوردستان بکەن."