Hüseyin Bağış,Mustafa Güngör
31 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2022
ئیزمیر- AA
لە شارۆچکەی بۆرنۆڤا سەر بە پارێزگای ئیزمیر، شەش کەس بەهۆی تێکشکانی کرێنێکەوە گیانیان لەدەستدا، لە ئێستاشدا سێ کەس پەیوەست بە رووداوەکە دەستگیر کراون.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کۆماریی ئیزمیر لە میانی لێکۆڵینەوەکانیدا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بەرپرسی کۆمپانیای سەرەکی پڕۆژەکە ئ.ی، بەرپرسی بیناکە م.ی و پسپۆڕی ئاسایشی کار ف.م.ئ، دەرکرد.
تیمەکانی ئاسایشی ئیزمیر ئەو سێ گومانلێکراوەیان دەستگیر کرد و هەوڵەکانیش بۆ دەستگیرکردنی خاوەنی کۆمپانیای کرێنەکە ی.ک، بەردەوامن.
هەروەها راپۆرتی سەرەتایی دەربارەی رووداوەکە پێشکەشی داواکاری گشتی کرا.
- ناسنامەی چوار لە قوربانییەکان ئاشکرا کرا
پارێزگاری ئیزمیر، یاڤوز سەلیم کۆشگەر لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، ئەوەی خستووەتەڕوو کە ناسنامەی چوار لەو شەش کەسە ئاشکرا کراوە کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و هەوڵەکانیش بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی دوو کەسەکەی دیکە بەردەوامن.
کۆشگەر ئەوەشی خستەڕوو کە دوو برینداری رووداوەکە تەندروستییان جێگیرە و هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان نییە.
لە لایەکی دیکەشەوە کەسوکاری ئەو کەسانەی تا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە لەبەردەم بینای پزیشکی دادوەریی ئیزمیر لە چاوەڕوانیدان.
هەوڵەکانیش بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی دوو قوربانییەکە لەڕێی لێکۆڵینەوەی DNA بەردەوامە.
- بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە رێوشوێنەکانی دڵنیایی نەگیراونەتەبەر
پارێزەری یەکێک لە قوربانییەکان، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئەوەی خستەڕوو کە هەوڵدەدرێت رووداوەکە وەک رووداوێکی کار نیشان بدرێت بەڵام ئەمە لە ئەنجامی کەموکوڕی و خەمساردی خاوەنکارەکە روویداوە، چونکە ژێر قولەی کرێن شوێنی ژیان نییە کە کرێکارەکان لەو شوێنەدا ماونەتەوە.
ئەندامی خێزانی یەکێک لە قوربانییەکانیش باسی لەوە کرد کە ئەم رووداوە ئەنجامی چاوچنۆکییە و رایگەیاند "چەند کەسی دیکە گیان لەدەستدەدەن. ئەمڕۆ شەش کەس بوون و سبەی ژمارەیەکی دیکە دەبن. ئیدی بەسە ئەم کارانە لە پێناوی پارە و چاوچنۆکی. ئەو هەموو منداڵە بێ باوک بوون. جگەرسووتاو بووین".
دوێنێ کەتژمێر ١٧:٣٥ خولەک، لە شەقامی کامیل تونجا، کرێنێک کە لە دروستکردنی بینایەکی ٣٢ نهۆمیدا کاری دەکرد، لە ئاستی ١٩مینی نهۆمی بیناکەدا تێکشکا و کەوتەخوارەوە، دوو لە کارپێکەرانی کرێنەکە لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا. پارچەکانی کرینەکە کەوتنە سەر ئەو کابینەی کە کرێکارەکان تێیدا دەمانەوە.