Muhammet Ali Kemal
04 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2018
ئەنقەرە- AA
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) چەکی جۆری MPT-76 کە درووستکراوی خودی تورکیا و چەکێکی خۆماڵییە، بەسەر پاسەوان و ئەو هێزانەیدا دابەش دەکات کە بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەکەن.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، پرۆسەی دابەشکردنی چەکی جۆری MPT-76 بەسەر هێزە ئەمنییەکاندا لە ساڵی نوێدا خێراتر دەکرێت.
ئەو جۆرە چەکە بە پێی خواست و تایبەتمەندیی سەربازانی سوپا دیزاین کراوە و بە شێوەیەکی خۆماڵی بەرهەمهێنراوە و ساڵی رابردوو، حەوت هەزار دانەی بەسەر هێزە ئەمنییەکاندا لێ دابەشکرا.
ئەو چەکە کە لە ئێستادا پاسەوانانی هەریەک لە سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سوپا بەکاری دەهێنن، دەست بە بەکارهێنانی لە لایەن کارمەندانی میت-یشەوە دەکرێت.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمساڵ هەریەک لە میت، فەرماندەیی هێزە وشکانییەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایش و هێزەکانی دیکە ٣٨ هەزار چەکی جۆری MPT-76 یان رادەست دەکرێت و تا ساڵی ٢٠٢٦ هێزە ئەمنییەکان ٢٥٠ هەزار لەو چەکە وەردەگرن.
ئەو یەکانەی چەکەکانیان دەدرێتێ لە ئەرکی جیاوازدا لەوانەش لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، بەکاریدەهێنن.
کێشی چەکەکە چوار کیلۆ و ٢٠٠ گرامە و لە چاو چەکە هاوشێوەکاندا سووکترە.
چەکی جۆری MPT-76 دەتوانرێت بە شێوەی فوول ئۆتۆماتیک و نیمچە ئۆتۆماتیک بەکاربهێنرێت و مەخزەنەکەی ٢٠ فیشەکی ٧،٦٢ میلـلیمەتری دەگرێت.
مەودای کاریگەریی چەکی جۆری MPT-76 بریتییە لە ٦٠٠ مەتر و لە هەموو کەشێکدا توانای بەکارهێنانی هەیە.