مەدرید - AA
لە هەفتەی بیست و هەشتەمی خولی یانە پلە یەکەمەکانی ئیسپانیا بۆ تۆپی پێی (لا لیگا)دا، یانەی ریال مەدرید، دوای سەرکەوتنی بەسەر یانەی مایۆرکا بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرامبەر، توانی هەنگاوێکی دیکە لە بەدەستهێنانی نازنازی لا لیگا نزیک بێتەوە.
نیوەی یەکەمی یارییەکە بێ گۆڵ کۆتایی هات و لە خولەکی ٥٥ی نیوەی دووەمی یارییەکەدا، تیپی میوان ریال مەدرید لەڕێگەی یاریزان ڤینیسیۆس خۆسێ گۆڵی یەکەمی تۆمار کرد.
دوای ئەو گۆڵەش یاریزان کەریم بنزیما لە خولەکەکانی ٧٧ و ٨٢ دووگۆڵی دیکەی بۆ ریال مەدرید تۆمار کرد و یانەکەی لە بەدەستهێنانی نازناوی لا لیگا نزیک کردەوە.
یاریزانی ریال مەدرید، رۆدریگۆ گۆیز لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، تووشی پێکان هات و بەناچاری لە یارییەکە چووە دەرەوە.
یانە شاهانەکە دوای ئەم ئەنجامە توانی جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ یانەی سێڤیلیا بۆ ١٠ خاڵ زیاد بکات.
ریال مەدرید ٢٠ی ئەم مانگە لە هەفتەی بیست و نۆیەمی لا لیگا لە یاریگای خۆی میوانداری یانە سەرسەختە کەتەلۆنییەکەی، بارسێلۆنا دەکات.
- بنزیما لە لووتکەی سەرکەوتنەکانیدایە
یاریزانی فەڕەنسی، کەریم بنزیمای تەمەن ٣٤ ساڵ بە تۆمارکردنی ٢٢ گۆڵ لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەدایە.
کەریم بنزیما دوای ئەوەی یاری رابردوو لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، بە تۆمارکردنی هاتریک شکستی بە یانەی پاریس سان جێرمان هێنا و بووە کلیلی سەرکەوتنی یانەکەی لە یاری دوێنێ شەویشدا، بەرامبەر بە یانەی مایۆرکا دوو گۆڵی تۆمار کرد و گۆڵێکی دروست کرد.
بنزیما ئەم وەرزە بە تۆمارکردنی ٣٢ گۆڵ و دروستکردنی ١٣ گۆڵ هەر لە ئێستاوە توانیویەتی بگات بە ژمارەی پێوانەیی وەرزی ٢٠١١-٢٠١٢ کە توانیبووی لە ٣٤ یاریدا، ٣٢ گۆڵ تۆمار بکات.