ھەولێر
یانەی ریال مەدرید بە ھێرشکردن دەستیپێکردو لە دەقیقەی ٢:٤٣ گۆڵی یەکەمی لەڕێی یاریزانکریستیانۆ رۆناڵدۆ تۆمارکرد.
سەرباری ھێرشکردن لەلایەن یاریزانانی رایۆڤالیکانۆ بۆ سەر گۆڵی شاھانە، کەریم بنزیمای فەرەنسی بە سوود وەرگرتن لە بەرزکردنەوەیەکی گاریس بێڵ گۆڵی دووەمی یانەی ریال مەدریدی لە دەقیقەی ٣٠:٢٩ بە لێدانی سەر تۆمارکرد و یانەکەی بە دوو گوڵ پێشخست.
گێمی یەکەم بە ئەنجامی (٢-٠) لە بەرژەوەندیی یانەی ریال مەدرید تەواوبوو.
لە سەرەتای گێمی دووەمدا بە پاسێکی یاریزان گاریس بێڵ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی لە دەقیقەی ٤٧:٥٧ تۆمارکرد و ریال مەدریدی بە سێ گۆڵ پێشخست.
یانەی ڤالیکانۆ خۆی نەدا بەدەستەوە و بەردەوام بوو لە ھێرشەکانی.
ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ یانەی خانەخوێ ھەژمارکرد، یاریزان جۆناسان ڤێرا لە دەقیقەی ٥٤:٥٣ لێدانەکەی بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرد و جیاوازییەکەی کەمکردەوە بۆ دوو گۆڵ. تەنیا دوای دوو دەقیقە ناوبژیوان لێدانێکی دیکەی سزای بۆ رایۆڤالیکانۆ ھەژمارکرد، ھەمان یاریزان گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی پێ تۆمارکرد و ئەنجامەکە گۆڕا بە (٣-٢) لە بەرژەوەندیی ریال مەدرید.
یارییەکە بەو ئەنجامە بەکۆتاھات.
ریال مەدرید بەو سەرکەوتنە کۆی خاڵەکانی گەیاندە ٢٨ خاڵ و بەشێوەیەکی کاتی پلەی دووەمی خولی ئیسپانیی گرت. رایۆڤالیکانۆ بە کۆکردنەوەی نۆ خاڵ دواھەمینی رێزبەندەکەی گرتووە کە پلەی ٢٠ەمە.