Bilal Acar
16 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2020
لەندەن - AA
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن بەهۆی بەریەککەوتنی لەگەڵ کەسێکدا کە پشکنینی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ پۆزەتیڤ دەرچووە، خۆی کەرەنتینە کرد.
لە راگەیەنراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە رەوشی تەندروستیی جۆنسۆن باشە و هیچ نیشانەیەکی تووشبوونەوەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی تیادا نییە.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوە کراوە کە بۆریس جۆنسۆن خۆی کەرەنتینە کردووە و لە نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیرانەوە بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکانی.
بەپێی یاساکانی بەریتانیا، ئەوانەی پێشتر چارەسەری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیان وەرگرتووە لە کەرەنتینە نابەخشرێن. لە کاتێکدا سیستمی پشکنین و چاودێریی ئاگاداریان دەکاتەوە ئەگەر پشکنینەکانیشیان نێگەتیڤ دەرچێت، لانیکەم بۆ ماوەی دوو هەفتە کەرەنتینە دەکرێن.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن لە ٢٧ی ئاداری رابردوودا، پشکنینەکانی بۆ پەتاکە پۆزەتیڤ دەرچوو و لە پێنجی نیسانی رابردوودا، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و ئۆکسجینی لێبەسترا، بەڵام بەهۆی خراپبوونی باری تەندروستییەوە خرایە ژێر چاودێری چڕەوە.
بۆریس جۆنسۆن لە ١٢ی نیسانی رابردوودا، نەخۆشخانەی جێهێشت و دوای نزیکەی دوو هەفتە گەڕایەوە بۆسەر کارەکەی.