Şeyma Uzundere
09 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2021
ئەنقەرە - AA
لە هیندستان کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی لەسەرە، لەوەتەی پەتاکە تیایدا سەریهەڵداوە تا ئێستا بەرزترین ئاستی رۆژانەی تۆمارکرد لە تووشبوون بەو پەتایە.
بە پێی راگەیەندراوێک کە لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی هیندستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٣١ هەزار و ٩٦٨ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا تۆمارکراوە، کە ئەوەیش بەرزترین ئاماری تووشبوونی رۆژانەیە بەو پەتایە تا ئێستا، کە لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لەو وڵاتە سەریهەڵداوە و، تێکڕای ژمارەی تووشبووانیش گەیشتووەتە ١٣ ملیۆن و ٦٠ هەزار و ٥٤٢ کەس.
لە ماوەی یەک رۆژی رابردوودا، ٧٨٠ کەس لە هیندستان بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و، کۆی گشتیی ئەوانەی بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ١٦٧ هەزار و ٦٤٢ کەس.
هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی لە پاش تووشبوونیان بە پەتاکە چاکبوونەتەوە گەیشتووەتە ١١ ملیۆن و ٩١٣ هەزار و ٢٩٢ کەس و، چارەسەرکردنی ٩٧٩ هەزار و ٦٠٨ تووشبووی دیکە درێژەی هەیە.
بە گوێرەی ماڵپەڕی "Worldometers" کە زانیارییەکانی پشت بە ئاماری پەتای کۆرۆنا دەبەستن لە جیهاندا، هیندستان لە رووی حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتاکە ریزبەندی سێهەمی گرتووە و، لە رووی حاڵەتی گیانلەدەستدان بەو پەتایەش ریزبەندی چوارەمی گرتووە.
بەهۆی بەرزی رێژەی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا تیایاندا، قەدەغەی هاتوچۆی سنووردار لە شارەکانی ماهاراشترا، دەلهی و کارناتاکا راگەیەندراوە.
هیندستان کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١،٤ ملیار کەسە، کەمپینێکی بەرفراوان بۆ کوتان دژ بە پەتای کۆرۆنا بەڕێوەدەبات.
لەو بارەیەوە، وەزارەتی تەندروستیی هیندستان، بڵاویکردەوە کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، سێ ملیۆن و ٦٩١ هەزار و ٥١١ کەس دژ بە پەتاکە کوتراون، بەوەیش تێکڕای ژمارەی ئەوانەی دژ بەو پەتایە کوتراون گەیشتووەتە ٩٤ ملیۆن و ٣٣٤ هەزار و ٢٦٢ کەس.
هاوکات بە پێی ماڵپەڕی"Ourworldindata.org" کە زانیارییەکانی پشت بە ئاماری کوتان دەبەستێت دژ بە پەتاکە، هیندستان لە دوای ئەمریکا و چین لە ریزبەندی سێهەمدایە لە رووی کوتان دژ بە کۆرۆنا.