ئەنبار
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای ئەنبار د. خزەیر خەلەف شەلال رایگەیاند: حکومەتی ژاپۆن ھاوکاری باشکردنی رەوشی تەندروستی ئەنبار و بە تایبەت شاری فەلوجە دەکا کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ توندوتیژترێن شەڕی چەکداری لەنێوان چەکدار و ھێزەکانی ئەمریکا تێدا روویداوە کە لەو شەڕانەدا چەکی وا بەکار ھاتوون کاریگەری لەسەر تەندروستی ھاووڵاتیانی دەڤەرەکە جێھێشتووە و ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی پزیشکانی ژاپۆن سەردانی ئەو شارە بکەن و ھاوکاری پزیشکی بێ بەرامبەر پێشکەش بە ھاووڵاتیانی بکەن.
شەلال ھەروەھا گوتی: "لە ئاکامی ئەو شەڕانەی کە لە ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ لە فەلوجە روویاندا؛ ژمارەیەکی زۆری نەخۆشخانەکان وێرانبوون و حکومەتی ژاپۆنی بەشداریەکی باشی لە نوێکردنەوەی نەخۆشخانانەکانی عێراق بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەت نەخۆشخانەکانی ئەنبار و شاری فەلوجە کرد کە ١٧ ملیۆن دۆلاریان بۆ تەرخانکرد و ئێستا پێشوازی لە نەخۆشەکان دەکەن."
لەبارەی پسپۆری کارمەندانی تەندروستی لە ئەنبار شەلال گوتی: "ژمارەیەک لە کادر و کارمەندانی تەندروستیمان بۆ ژاپۆن ناردون بۆئەوەی راھێنان لەسەر ئامێرە پێشکەوتووەکانی تەندروستی و نەشتەرگەریە سەختەکان بکەن چونکە ئەوان پێویستیان بە پسپۆری پزیشکی ژاپۆنی ھەیە."
لە بەردەوامی قسەکانیدا بەرێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگەی ئەنبار گوتی: "پزیشکانی زۆربەی وڵاتانی جیھان سەردانی ئەنباریان کردووە و نەشتەرگەریان لە نەخۆشخانەی گشتی رومادی و فەلوجە بە بێ بەرامبەر بۆ خەڵک ئەنجامداوە و ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی پەیوەندیەکی توندوتۆڵ لەنێوان پزیشکانی ئەنبار و پزیشکە بیانیەکاندا دروستبێ."
لەلایەکی دیکە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی رومادی ئەیاد عەراک بۆ AA گوتی: "لە چوارچێوەی ئەو پرۆگرامەی لەلایەن بەرێوەبەرایەتی تەندروستی ئەنبارەوە بۆ ئاگاداربوون لە دوایین پێشکەوتنەکانی بواری پزشکی و ناردنی شاندی پزیشکانی پارێزگە بۆ دەرەوەی وڵات داڕێژراوە، بەشێکی پرۆگرامەکە بە ناوی پزیشکی میوانە و تیایدا پزیشکانی وڵاتانی جیای جیھان داوەت دەکرێن سەردانی ئەنبار بکەن بەمەرجێک تێچوی سەردانەکە لەسەر حسابی پزیشکی میوان بێ و جێی مانەوە و خوارندنیش لەلایەن فەرمانگەی تەندروستیەوە بۆی دابین دەکرێ."
عەراک ھەروەھا گوتی: "ئەمە جاری یەکەم نیە پزیشکانی ژاپۆنی سەردانی ئەنبار دەکەن، بەڵکو پێشتریش سەردانی لەوشێوەیان ئەنجامداوە و لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوون لە فەلوجە کاریان کردووە و لەسەر بودجەی حکومەتی ژاپۆن ئەو نەخۆشخانەیە نوێکرایەوە و ھەروەھا ژمارەیەک پزیشکی ئەڵمانیش سەردانی ئەنباریان کردووە و خزمەتگوزاری تەندروستیان بێ بەرامبەر پێشکەش بە ھاووڵاتیان کردووە."
لە بەردەوامی قسەکانیدا بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی رومادی گوتی: "شاندی پزیشکانی ژاپۆنی لە پزیشکێک و پرۆفیسۆرێک و ھاوکارێکیان پێکھاتووە و پسپۆڕیان لە نەشتەرگەری جوانکاری ھەیە و نەشتەرگەری جوانکاری بێ بەرامبەر بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە لە ئەنجامی تەقینەوەکان یان لە کاتی لەدایکبووندا روخساریان تێکچووە. ئەو شاندە ماوەی دوو ھەفتە لە ئەنبار دەمێننەوە و جگە لە نەشتەرگەری؛ ھەروەھا خولی فێربوونیش بۆ کارمەندانی تەندروستی ئەنبار دەکەنەوە."
ئاشکراشیکرد ھاووڵاتیانی نەخۆش بە ھاتنی ئەو شاندە زۆر خۆشحاڵن لەبەر ئەوەی چارەسەریان لەناوخۆی عێراق بۆ دەکرێ و پێویستیان بەوە نابێ بەمەبەستی چارەسەری سەفەری دەرەوەی وڵات بکەن.
لە ساڵی ٢٠٠٣ و بە تایبەت دوای ھێرشی ئەمەریکا بۆ روخاندنی رژێمی بەعس لە عێراق، ژێرخانی ئابووری عێراق رووخا کە لایەنی تەندروستیش لەو دارووخانە زۆرترین زیانی بەرکەوت و و پارێزگەی ئەنباریش لە عێراق سەختترین و دژوارترین شەڕی نێوان چەکداران و ھێزە ئەمەریکییەکانی بەخۆوەبینی کە بوە ھۆی رووخانی ژێرخانی تەندروستی ئەو پارێزگایە و زۆربەی نەخۆشخانەکانی وێرانبوون. بە مەبەستی بەھاناوەھاتنی ئەنباریش لە بواری تەندروستیدا حکومەتی ژاپۆن ھاوکاری پێشکەش بەو پارێزگایە دەکات.