Abdulhameed Husseın Karam
19 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2021
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٠٥ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) بوون، شەش تووشبوو گیانیان لەدەستداوە و ١٩٢ کەسیش لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
وەزارەتەکە لە راگەیاندراوێکدا ئاماری پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاوکردووەتەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی حەوت ھەزار و ٩٥٤ پشکنین، ٥٠٥ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، بەمشێوەیە: لە ھەولێر ١٦٨ حاڵەت، سلێمانی ١٢٦ حاڵەت، دھۆک ١٩٣ حاڵەت و، ئیدارەی گەرمیان ١٨ حاڵەت.
وەزارەتی تەندروستی ئاشکراشیکردووە، کە ھەر لەو ماوەیەدا شەش حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە کە سێ حاڵەت لە پارێزگای ھەولێر و سێ حاڵەتیش لە پارێزگای دھۆک بووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٩٢ کەس لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەوەتەوە، ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ١١٥ ھەزار و ١٥ حاڵەت کە لەو ژمارەیە سێ ھەزار و ٥٨٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.