Büşra Selvi Öğütcen
29 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2022
سیۆل - AA
به‌هۆى دروستبوونى پاڵه‌په‌ستۆ و قه‌ره‌باڵغى له چالاكییه‌كانى په‌یوه‌ندیدار به جه‌ژنى هالۆوین له شارى سیۆلى پایته‌ختى كۆریاى باشوور، ١٤٦ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ١٥٠ كه‌سیش برینداربوون.
به‌رپرسانى كۆریاى باكوور رایانگه‌یاند كه به‌هۆى دروستبوونى پاڵه‌په‌ستۆ و قه‌ره‌باڵغى له چالاكییه‌كانى جه‌ژنى هالۆوین له ناوچه‌ى ئیتایۆون كه ناوه‌ندێكى كات به‌سه‌ربردنه له شارى سیۆل، ١٤٦ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه.
یه‌كێك له به‌رپرسانى رێكخستنى به‌رگریى شارستانى نیشتمانى كۆریاى باشوور، چۆییى چیۆن سیك رایگه‌یاند كه ئه‌وان پێیانوایه گرووپێكی دواوە له كۆڵانێكى ته‌سكى ناوچه‌كه پاڵیان به قه‌ره‌باڵغیه‌كه ناوه و به‌م هۆیه‌وه‌ش پاڵهپهستۆیەکی به‌هێز لە نێو خەڵکەکەدا دروستبووه.
راشیگه‌یاند كه له‌و رووداوه‌دا ١٥٠ كه‌س برینداربوونه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى به‌رگریى شارستانى كۆریاى باشوور ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه زیاتر له ٨٠٠ كارمه‌ندى فریاگوزاریی سەرەتایی گه‌یشتوونه‌ته شوێنى رووداوه‌كه و ١٤٠ ئۆتۆمبێلى فریاگوزاریش ره‌وانه‌ى ناوچه‌كه كراون.
به‌رپرسان ئاماژه‌یان به‌وه‌شدا كه زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى گیانیان له‌ده‌ستداوه گه‌نجانى ته‌مه‌ن دەوروبەر ٢٠ ساڵانن.
له‌لایه‌كى دیكه‌ش، به‌پێى ئه‌و هه‌واڵانه‌ى له میدیا خۆجێیه‌كانى ئه‌و وڵاته بڵاوكراوه‌ته‌وه، قه‌ره‌باڵغییه‌كه به‌هۆى ئه‌وه دروستبووه كه گوایه هونه‌رمه‌ندێكى ناسراوى كۆریاى باشوور كه ناوه‌كه‌ى ئاشكرا نه‌كراوه، سه‌ردانى یه‌كێك له ناوه‌نده‌كانى كات به‌سه‌ربردن ده‌كات و به‌م هۆیه‌وه‌ش ژماره‌یه‌كى زۆرى خه‌ڵك له‌م ناوچه‌یه كۆبووه‌ته‌وه.
هه‌ر بەپێی هەواڵەکانی میدیا خۆجێیه‌كان، بانگه‌شه‌ى ئه‌وه كراوه كه نزیكه‌ى ١٠٠ هه‌زار كه‌س به‌شداریان له چالاكییه‌كانى ئاهەنگی هاڵۆوین له شهقامهكانى ناوچه‌ى ئیتایۆون كردووه.
له‌لایه‌كى دیكه‌ش به‌پێى ئه‌و گرتانه‌ى له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه، له دواى رووداوه‌كه ده‌یان كه‌س پاڵ كه‌وتوون و تیمه‌كانى فریاگوزاریش هه‌وڵى رزگاركردنى گیانى ئه‌و كه‌سانه ده‌ده‌ن.
هه‌ر له گرته‌كاندا ئه‌وه‌ش ده‌ركه‌وتووه كه ته‌رمى ئه‌وانه‌ى گیانیان له‌ده‌ستداوه له پاڵ یه‌كتر ریز كراون و جەستەکانیان داپۆشراون.