Mazın Asad
07 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2018
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیی خۆی بۆ بەستنی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون دەربڕی و بە ئەرێنییەوەش پێشوازی لە نزیکبوونەوەی کۆریای باکوور و کۆریای باشوور کرد.
ترەمپ دوای کۆبوونەەوەی لەگەڵ بەرپرسانی کۆماریخوازەکان لە واشنتۆن، ھەڵسەنگاندنی لەبارەی پەیوەندی راستەوخۆی کۆریای باکوور و کۆریای باشوور بەھۆی ئۆلۆمپیادی زستانە کرد.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە چاودێری قۆناغی نزیکبوونەوەی کۆریای باکوور و کۆریای باشوور دەکەن و گوتیشی: "ئەمە دەستپێکێکە. ئەگەر لە کۆبوونەوەکان شتێک بێتە ئاراوە، ئەوا بۆ گشت مرۆڤایەتی باش دەبێت".
ترەمپ، لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی تێڕوانینی لەمەڕ ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون رایگەیاند: "من ھەموو کاتێک باوەڕ بە گفتوگۆ دەکەم. ئەمەم دەکرد، کێشە نییە".
دۆناڵد ترەمپ خۆشحاڵی خۆی لەمەڕ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئاست باڵای نێوان ھەردوو کۆریا بەھۆی ئۆلۆمپیادەوە دەربڕی و گوتیشی: "خۆشحاڵ دەبین بەھۆی بەڕێوەچوونی ئەم قۆناغە لە نێوان ھەردوو وڵات. ئەو دۆخەی بەھۆی ئۆلۆمپیادەوە دێتە ئاراوە، رەنگە بۆ ئاستێکی بەرزتر بچێت. من سەدا ١٠٠ پشتیوانی لەمە دەکەم".