Ruslan Rehimov
20 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2022
باکو - AA
ئازەربایجان تەرمی ٩٥ سەربازی دیکەی ئەرمەنی رادەستی ئەرمینیا کردەوە کە لە شەڕ و پێکدادانەکانی سەر سنوور کوژراون.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن کۆمسیۆنی دەوڵەتی ئازەربایجان بۆ کاروباری دیل، بێسەروشوێن و بارمتە بلاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، بەدوای تەرمی ئەو سەربازە ئەرمەنییانەدا دەگەڕێن کە لە پێکدادانەکانی رۆژانی ١٢-١٤ی ئەیلوولدا کوژراون.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لەلایەن کارمەندانی داواکاری گشتیی سەربازیی ئازەربایجانەوە پشکنین بۆ تەرمی ٩٥ سەربازە ئەرمەنییەکە کراوە و هیچ شوێنەوارێکی توندوتیژی بەدی نەکراوە، پاشانیش لە رێگەی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیەوە رادەستی ئەرمینیا کراونەتەوە.
ئاماژە بەوەیش کرا کە پرۆسەی رادەستکردنەوەی تەرمی سەربازانی ئەرمەنی بە لایەنی بەرامبەر بەردەوام دەبێت.
رۆژی ١٧ی ئەیلوول، ئازەربایجان تەرمی ٣٢ سهربازی رادەستی ئەرمینیا کردەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاند، سوپای ئەرمینیا شەوی ١٢ی ئەیلوول لە سنووری داشکەسەن، کەلبەجەر و لاچین بەشێوەیەکی فراوان هێرشی ئەنجامداوە.
لە دوای جەنگی دووهمی قەرەباخ، ئەمە گەورەترین پێکدادانی نێوان هەردوو وڵات بوو کە تواندرا لە رێی هەوڵە دیپلۆماتییەکانەوە بوەستێندرێت و ئاگربەست لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا رابگەیەندرێت.
ئازەربازیجان کوژرانی ٧٩ سەرباز و ئەرمینیاش کوژرانی ٢٠٧ سەربازی راگەیاند.