Muhammet Ali Kemal
02 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2016
سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما لەمیانی سەردانەکەی ئەم مانگەیدا بۆ کوبا، تەماشای یارییەکی بەیسبۆڵ دەکات کە لەنێوان یانەیەکی ئەمریکی و هەڵبژاردەی نیشتمانی کوبا، بەڕێوەدەچێت.
خولی بەیسبۆڵی ئەمریكی رایگەیاند، ئۆباما لە میانی رۆژی دووەمی سەردانەكەیدا بۆ كوبا كە بڕیارە رۆژانی ٢١ و ٢٢ی ئەم مانگە ئەنجامی بدات، تەماشای یاری بەیسبۆڵە دەكات كە لە نێوان هەریەك لە یانەی تامپا بەی رەیسی ئەمریكا و هەڵبژاردەی نیشتمانی كوبا بەڕێوەدەچێت.
لای خۆشییەوە بەرپرسێكی كۆشكی سپی ئەوەی راگەیاند كە ئۆباما ئامادەی ئەو یارییە دەبێت. ئەو بەرپرسەی كۆشكی سپی كە داوای كرد ناوەكەی بە نهێنی بمێنێتەوە، راشیگەیاند ''خەڵکی ئەمریكا و كوبا زۆریان حەز لە بەیسبۆڵە. ئەمە یەكێكە لە ئاماژەكانی ئەوەی كە گەلانی هەردوو وڵات چەند لەیەكەوە نزیكن''.
لە ئەمریكا و كوبا بەیسبۆڵ ئەو وەرزشەیە كە زۆرترین بایەخی لەلایەن خەڵكەوە پێدەدرێت و دوایین یانەی ئەمریكا كە بەشداریی لە یارییەكی بەیسبۆڵدا لە كوبا كردبوو، یانەی باڵتیمۆر ئۆرایۆڵس بوو لە ساڵی ١٩٩٩دا.
چاوەڕوان دەكرێت ئۆباما لە سەردانەكەیدا چاوی بە هەریەك لە سەرۆكی كوبا رائول كاسترۆ، نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، پیاوانی خاوەنكاری كوبا، ژمارەیەك چین و توێژی جیاواز لە خەڵكی كوبا بكەوێت. دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا مانگی رابردوو رایگەیاند كە سەردانی كوبا دەكات، باسی لەوەش كرد كە ''سەردانەكە بە كەیفخۆشی'' بەسەردەبات.
ئیدارەی ئەمریكا لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٤دا بڕیاری ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوبا دابوو كە ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵە پەیوەندی دیپلۆماسییان لەنێواندا نییە و ئەمریكا سزای ئابووری بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە. لەو چوارچێوەیەشدا هەردوو وڵات ساڵی رابردوو باڵیۆزخانەكانیان لە وڵاتانی بەرامبەر كردەوە. هەردوولا دوایین جار لەسەر ئەوە رێككەوتنیان واژۆكرد كە گەشتی فڕۆكەوانی نێوانیان دەست پێ بكاتەوە.
تاكە سەرۆكی ئەمریكا كە لە كاتی سەرۆكایەتیدا سەردانی كوبای كردووە، كاڵڤن كوڵجە كە لە ساڵی ١٩٢٨دا چووەتە ئەو وڵاتە.