Muhammet Ali Kemal
29 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
- سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما (سەبارەت بەپێشهاتەکانی سووریا): "لەزۆر شوێنی جیهان هەڕەشەکان بوونیان هەیە، کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاسایشی ئێمە نییە. لەمجۆرە دۆخانەدا پیویستە ئێمە هاوکاریی (وڵاتانی پەیوەندیدار) بکەین بەڵام ناردنی سەربازی زیاتر نابێتە وەڵامی ئێمە بۆ هەڕەشەکان".
- ''تا ئەو کاتەی نەتوانین لایەنەکان لەسەر هێڵێکی دیبلۆماسیی سیاسیی، کۆبکەینەوە، ئەو کارانەی کە دەیانکەین سنووردار دەبن''.
سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کاری لەپێشینەیان بریتیی نییە لەوەی هێزی سەربازیی رەوانەی سووریا بکەن ئەگەرچی سەربازەکانی وڵاتەکەی لەدۆخێکدا بن کە هەڕەشەی راستەوخۆشیان لەسەرنەبێت و رایگەیاند: ''لەزۆر شوێنی جیهان هەڕەشەکان بوونیان هەیە، کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاسایشی ئێمە نییە. لەمجۆرە دۆخانەدا پێویستە ئێمە هاوکاریی (وڵاتانی پەیوەندیدار) بکەین بەڵام ناردنی سەربازی زیاتر نابێتە وەڵامی ئێمە بۆ هەڕەشەکان''.
باراک ئۆباما لەبەرنامەیەکی کەناڵی سی ئێن ئێن-دا کە ژمارەیەک لەنوێنەرانی سوپای وڵاتەکەی تێیدا ئامادەبوون، وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی و کارە لەپێشینەکانی لەرووی ئاسایشەوە، دایەوە.
سەبارەت بە قەیرانی سووریا ئۆباما ئاماژەی بەوەکرد: ''کاری لەپێشینەیان بریتییە لە سەلامەتیی گیانی سەربازە ئەمریکییەکان'' و راشیگەیاند: ''لەهەموو شوێنێکی جیهان رووداوی ناخۆش و خراپ روودەدات. کاتێک کە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم رووداوانە دەکەین، پێویستە لەوە بڕوانین کە ئایا ناردنی ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئەمریکی (بۆ ئەو ناوچانە) ئەنجامی باشمان دەداتێ یان نا''.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەکرد ئاگای لێیە کە ئیدارەکەی رووبەڕووی رەخنەی بەردەوام سەبارەت بە سیاسەتەکانی لەبارەی سووریاوە دەبێتەوە و رایگەیاند: ''لەکاتێکدا کە هەمووان جێ پێی خۆیان لەسووریا پتەوکردووە، ئەگەر بێت و ئێمە ژمارەیەک سەربازی زۆر رەوانەی ئەو وڵاتە نەکەین، ئەوا ناتوانین شەڕی ناوخۆ رابگرین''.
- ''کێشەکە بریتییە لەپشتیوانیی رووسیا و ئێران بۆ رژێمی ئەسەد''
باراک ئۆباما ئاشکرایکرد ئەو پێیوایە چارەسەری سەربازیی، گونجاو نییە.
جەختیشی لەوەکردەوە هیچ رێگە چارەیەکی باشتر لەوەی، لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، نابینێت و رایگەیاند: ''تا ئەو کاتەی نەتوانین لایەنەکان لەسەر هێڵێکی دیبلۆماسیی سیاسیی، کۆبکەینەوە، ئەو کارانەی کە دەیانکەین سنووردار دەبن. لەزۆر شوێنی جیهان هەڕەشەکان بوونیان هەیە کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاسایشی ئێمە نییە. لەمجۆرە دۆخانەدا پێویستە ئێمە هاوکاریی (وڵاتانی پەیوەندیدار) بکەین بەڵام ناردنی سەربازی زیاتر نابێتە وەڵامی ئێمە بۆ هەڕەشەکان''.
ئۆباما ئاماژەی بەوەکرد بەدواداچوونی بۆ ئەو رەخنانە کردووە کە پێیانوایە لەکاتی خۆیدا ئەمریکا تا رادەیەکی پێویست پشتیوانیی سەربازیی پێشکەشی هێزە میانڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سووریا نەکردووە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەکرد کێشەکە بریتییە لە پشتیوانییکردنی رژێمی ئەسەد لەلایەن رووسیا و ئێرانەوە و گوتی: ''تا ئەوکاتەی ئەوان بەشێوەیەکی راستەوخۆ نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئێمە، هەموو دەستوەردانێکمان بەمانای پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان دێت و وەک داگیرکاریی تەماشادەکرا. لەژینگەیەکدا کە رووسیا و ئێران دەستیان وەرداوە، ئەمە دۆخێک نەبوو بتوانرێت درێژەی پێبدرێت''.
باراک ئۆباما رایگەیاند بۆ ئەوەی بتوانن دۆخی ''ناسک''ی عێراق و ئەفغانستان بەڕێوەبەرن، خەرجیی زۆریان کردووە و هەر لەبەرئەوە دەستوەرنەدانی سەربازیی لە سووریا پەیوەندیی بە هاوکێشە ئابوورییەکانیشەوە هەیە.