Muhammet Ali Kemal
20 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2017
مێلبۆرن - AA
دوای ئەوەی بەهۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی رژێمی سووریاوە گرژیی لەنێوان مۆسکۆ و واشنتۆندا درووستبوو، ئۆستڕالیا بڕیاری هەڵپەساردنی هێرشە ئاسمانییەکانی لەئاسمانی سووریادا دا.
لەراگەیەنراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئۆستڕالیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە هێرشە ئاسمانییەکانیان لەسووریا بۆ ماوەیەکی کاتی و بەمەبەستی خۆپارێزیی، راگرتووە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە راگرتنی هێرشە ئاسمانییەکان تەنها سووریا دەگرێتەوە و ئۆپەراسیۆنەکان لە عێراق بەردەوام دەبن.
باس لەوەشکراوە ئەوان بە وردیی چاودێریی دۆخی کایەی ئاسمانیی سووریا دەکەن و کە ''کاتی هات'' هێرشە ئاسمانییەکان دووبارە دەستپێدەکەنەوە.
هێزی ئاسمانیی شاهانەی ئۆستڕالیا لەرێگەی هێرشی ئاسمانییەوە پشتیوانیی پێشکەشی هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا، لەجەنگی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا لە عێراق و سووریا، دەکات.