Behlül Çetinkaya
06 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2023
لەندەن - AA
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، سولا برەیڤەرمان، بڵاویکردەوە گرووپی واگنەر کە لە سەربازانی بەکرێگیراوی ڕووسی پێکهاتوون"بە ڕوونی و سادەیی، ئەمانە تیرۆریستن" و دەخرێنە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی بەریتانیاوە.
بەپێی ئەو هەواڵەی لە میدیای ناوخۆیی بەریتانیادا بڵاوکراوەتەوە، برەیڤەرمان گرووپی واگنەری بە "ئامڕازێکی سەربازیی سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین لە دەرەوەی ڕووسیا" ناوزەند کرد.
سولا برەیڤەرمان ڕایگەیاند: ''لە کاتێکدا ڕژێمی پوتین بیر لەوە دەکاتەوە چی لەگەڵ ئەو دڕندانەدا بکات کە خۆی دروستی کردووە، واگنەر بەردەوامە لەسەر کردە وێرانکارییەکانی کە خزمەت بە ئامانجە سیاسییەکانی کرملین دەکات. بە ڕوونی و ئاسانی، ئەوانە (واگنەر) تیرۆریستن و بە فەرمانێک کە بڵاوی دەکەینەوە بەریتانیا بە یاسا ئەمە بە ڕوونی ئاشکرا دەکات. واگنەر تێوەگلاوە لە تالانی، ئەشکەنجە، کوشتاری دڕەندانە. کردەکانی لە ئۆکراینا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی جیهانیی''.
برەیڤەرمان ئەوەیشی خستەڕوو کە واگنەر وەک نایاسایی ڕادەگەیەنن و بەردەوامیش دەبن لە پشتیوانی کردنی ئۆکراینا لە بەرەنگاربوونەوەی ڕووسیادا.
چاوەڕوان دەکرێت سبەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی ڕاگەیاندنی واگنەر وەک ڕێکخراوی تیرۆریستیی بڵاوبکرێتەوە.
ئەگەر واگنەر بە فەڕمی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستیی ڕابگەیەندرێت، ئەوا لە چوارچێوەی یاسای تیرۆری ساڵی ٢٠٠٠ کۆمەڵە ڕێوشوێنێک دەگیرێنەبەر وەک؛ سزای ١٤ ساڵ زیندانی بۆ ئەو کەسانە دەردەکرێت کە پشتیوانی لە واگنەر دەکەن، سامانەکەیان سڕ دەکرێت، یانیش دەستی بەسەردا دەگیرێت.
هەر بەو بڕیارە بەشداریکردن لە واگنەر و کۆبوونەوەکانی، پشتیوانی کردنی، نوێنەرایەتی کردنی لە شوێنە کراوەکاندا، هەڵگرتنی لۆگۆ و ئاڵاکانی بە تاوان دادەنرێت.