Gamze Türkoğlu Oğuz
23 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2020
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رەزامەندی نیشان دا لەسەر هاوکاری فیدراڵی بۆ ئەو ئاگرەی لە کالیفۆرنیا بەردەوامە کە کارەساتی گەورەی تیادا راگەیەندراوە.
بی بی سی بڵاوی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ لە کالیفۆرنیا ''کارەساتی گەورە''ی راگەیاندووە و رێگای بەردەم هاوکاری فیدراڵی کردووەتەوە.
فەرمانڕەوای ویلایەتی کالیفۆرنیا، گاڤین نیوسۆم باسی لەوە کرد کە راگەیاندنی کارەسات لەلایەن ترەمپەوە هاوکار دەبێت لەبارەی ئەو کەسانەی کەوتوونەتە بەر کاریگەری ئاگرەکە، دابینکردنی پانەگە و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.
گاڤین نیوسۆم لە هەژماری خۆی لە تویتەر، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاگرەکە هاوشێوەی هیچ شتێک نەبووە کە پێشتر لە ویلایەتەکە روویداوە و رایگەیاندووە ''ئەگەر باوەڕ بە گۆڕانکاری ئاووهەوا ناکەن، وەرن بۆ کالیفۆرنیا''.
لە کاتێکدا رووبەری ٤٠٠ هەزار هێکتار زەوی لە ویلایەتەکە بووەتە خۆڵەمێش، زیاتر لە ١٤ هەزار کارمەندی ئاگرکوژێنەوە لە ٥٨٥ خاڵدا سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
ژمارەی ئەو کەسانەی لەو ئاگرەدا گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ شەش کەس و ٤٣ کەسیش برینداربوون کە کارمەندانی ئاگرکوژێنەوەشیان لەنێودایە.
هاوکات هەزاران کەس ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و بۆ دوواینجاریش لە ناوچەی بای نزیک سان جۆس فەرمان دەرکرا بۆ گواستنەوەی هەزاران کەس.
لە بیگ باسن کە دێرینترین پارکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە ناوەندی گەشتیاری مێژوویی بووەتە خۆڵەمێش، هەروەها بەهۆی ئاگرەکەوە درەختە سوورەکان کە تەمەنیان دوو هەزار ساڵ دەبوو سووتان.
بەرپرسانی ویلایەتەکەیش باس لەوە دەکەن درەختەکان کە هەندێکیان ١٠٠ مەتر درێژ بوون، کەوتوونەتە خوارەوە.