Rewa Mahmut Hasan
25 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2016
باڵیۆزی کۆریای باکوور لە لەندەن هیون هاک بۆنگ رایگەیاند کە سەرۆکی وڵاتەکەی کیم جۆنگ ئون داوایەکی کاندیدای بەرایی کۆماریخوازەکان دۆناڵد ترەمپی رەتکردۆتەوە سەبارەت بە گفتوگۆ کردن لەسەر پرسی ئەتۆمی.
ناوبراو ئەو جۆرە داواکاریانەی وەک مانۆڕێکی هەڵبژاردن وەسف کردووە.
هیون ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆکەکانی ئەمریکا لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا زۆر قسە دەکەن بەڵام کە بوونە سەرۆک هەڵوێستیان بەرامبەر کۆریای باکوور دەگۆڕێت و هاوکات ئەو داوایەی ترەمپیشی وەک شانۆیەکی ئەکتەرەکان وەسف کرد .
هیون ئاماژەی بەوە دا کە تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک رووی نەداوە لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و رایگەیاند کە کۆریای باکوور بۆ پارێزگاریکردن و بەرگریکردن لە خۆی پێویستی بە چەکی ئەتۆمی هەیە و راشیگەیاند کە کۆبوونەوە ئاستنزمەکان لەبارەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوورەوە کۆتاییان هاتووە.
ترەمپ بەڵێنی ئەوە دەدات کە گۆڕانکاریەکی سەرەکی لە سیاسەتی ئەمریکادا بکات و هەفتەی پێشوو، ئاماژەی بەوە دابوو کە دەست دەکات بە چاوپێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون. لەلایەکی ترەوە تا ئێستا هیچ سەرۆکێکی ئەمەریکی لەگەڵ سەرکردەی کۆریای باکوور کۆنەبووەتەوە.