Muhammet Ali Kemal
19 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2016
بەربژێری سەرەتایی کۆماریخوازەکان لە ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند بەڵگە و دۆکیومێنتەکانی پەیوەست بە داهاتی تاکە کەسی خۆی رادەستی کۆمیسیۆنی فیدراڵیی هەڵبژاردنەکان کردووە.
لە روونکردنەوەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی دۆناڵد ترەمپدا بۆ هەڵبژاردنەکان بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە ئەو بەربژێرە سەرەتاییەی کۆماریخوازەکان کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی پاردا پاڵێوراوبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیاند، مانگێک دوای ئەوە داهاتی ساڵانەی خۆی بۆ کۆمیسیۆنی فیدراڵیی هەڵبژاردنەکان ئاشکرا کرد و ئەمساڵیش بە هەمان شێوە بەڵگە و دۆکیومێنتەکانی پەیوەست بە داهاتی تاکە کەسی خۆی لەمساڵدا پێشکەشی کۆمیسیۆنەکە کردووە.
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە داهاتی کەسیی ترەمپ لە ساڵی رابردووەوە تا ئەمساڵ ١٩٠ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە ئەمە جگە لەوەی قازانجی کەسیی ناوبراو لەسەروو ٥٥٧ ملیۆن دۆلارەوەیە.
هەر لە روونکردنەوەکەدا باس لەوەکراوە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە تا ئیستا سەروەت و سامانی پوختی دۆناڵد ترەمپ رووی لە هەڵکشان کردووە و بانگەشەی ئەوەشکراوە کۆی گشتیی سامانی ناوبراو لەسەروو ١٠ ملیار دۆلارەوەیەوە.
ترەمپ لە روونکردنەوەکەیدا رەخنەی لە بەربژێری سەرەتایی دیموکراتەکان بێرنی ساندەرز گرتووە و رایگەیاندووە: ''بێ ئەوەی داوای هیچ درێژکردنەوەیەکی ماوەکە بکەم، داهاتی کەسیی خۆم لە ١٠٤ لاپەڕەدا ئاشکرا کرد. بێرنی ساندەرز بۆ پێشکەشکردنی دۆکیومێنتە کورتەکانی داوای درێژکردنەوەی ماوەی کرد. ئەمە جیاوازی نێوان بازرگانێک و سیاسەتمەدارێکە کە تەنها قسە دەکات و هیچ کردەوەیەکی نییە''.