Mazın Asad,Abdullah Shukur
28 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2016
نیویۆرک - AA
دیبەیتی پاڵیۆراوانی ئەمریکا بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی راستەوخۆ، رۆڵێکی گەورەی لەسەر ئەو دەنگدەرانە ھەیە کە ھێشتا بڕیارییان لەسەر پاڵێوراوەکان نەداوە.
پێش شەش ھەفتە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، دوێنێ کاندیدی دیموکراتەکان ھیلاری کلینتۆن و کاندیدی کۆماریخوازەکان دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکەمجار لە پەخشی راستەوخۆ رووبەڕووی یەکتر بوونەوە کە جێی بایەخی میدیاکانی ئەمریکا و میدیاکانی جیھان بوو.
دیبەیتەکە ماوەی ٩٠ خولەکی خایاند کە لە لایەن ٨١.٤ ملیۆن کەس بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە شاشەکانی تەلەڤزیۆن سەیری کرا. بەم پێیەش رێکۆردێکی نوێ لە رێژەی چاودێریکردنی ئەو دیبەیتە شکا. ھاوکات لەبارەی مشتومڕی نێوان کلینتۆن و ترەمپ پێنج ملیۆن تویت نێردراوە.
لە راپرسیەکانی پێش دیبەیتەکە دەرکەوتبوو کە دەنگی ھەردوو کاندیدەکە لە یەکتر نزیکن، بەڵام دوای ئەنجامدانی دیبەیتەکە، زۆربەی راپرسییەکان ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە کە کلینتۆن براوە بووە.
دەنگدەرێک بە ناوی ئالێسکاندرا، لە لێدوانێکی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە دا کە ترەمپ لە دیبەیتەکەدا بەرامبەر کلینتۆن لاواز بووە و راشیگەیاند کلینتۆن ئیماژێکی باشتری لە چاو ترەمپ نیشان داوە.
ئالێکساندرا گوتیشی: "پێموایە ترەمپ بێ ریزە و بەردەوام ھاوار دەکات و قسەکانی کلینتۆن دەبڕێت. لەو باوەڕەدام ترەمپ ناتوانێت کەسایەتی ئەوتۆ نیشان بدات لە نوێنەرایەتیکردنی ملیۆنەھا کەس. دوای سەیرکردنی دیبەیتەکە پێموایە کلینتۆن کەسێکی شیاوە بۆ سەرۆکایەتی".
لایەنگرێکی کلینتۆن بە ناوی ھارلین کە رەشپێستە، ئاماژەی بەوە دا کە چیرۆکەکانی ترەمپ راست نییە و راشیگەیاند لەگەڵ ئەوەی ترەمپ ھەڵوێستێکی باشی لە بەرنامەکە نیشان نەدا، ھاوکات لە سیاسەتی دەرەوەشدا شکستی خواردووە.
دەنگدەرێکی دیکە بە ناوی ئالن جەختی لەوە کردەوە کە نایەوێت ترەمپ وەک سەرۆک، وڵات بەڕێوە ببات.
ھەندێک لە دەنگدەرانیش نە متمانەیان بە کلینتۆن و نەش متمانەیان بە ترەمپ ھەیە. ھاووڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی دەیڤید کە لە کافتریایەک کار دەکات رایگەیاند: "پێموایە ھیچ کەمیان کەسی شیاو نین بۆ سەرۆک. باشترینی خراپەکان ھەڵدەبژێرم و دەنگ بە ترەمپ دەدەم".
دەیڤید دەشڵێت: "کلینۆن مافی ئەوەی نییە رەخنە لە ترەمپ بگرێت بەھۆی ئەوە کە دەوڵەمەندە، چونکە ئەمیش بەھەمان شێوە دەوڵەمەندە، ئەمە دووڕووییە. کلینتۆن بۆ ئێمە ھیچی نەکردووە. ترەمپیش تەنھا پیاوی کارە و ھیچ زیانێکی بۆ من نەبووە".
ھاوکات دەنگدەرێکی دیکە بە ناوی داڤۆن کە پیشەکەی پەرستارییە، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ھەڵبژاردنە بەشێوەیەکی سەیر بەڕێوە دەچێت و براوەی نابێت. گوتیشی: "تا ئێستا بڕیارم نەداوە کە دەنگ بە کێ بدەم. کلینتۆن وێنای سەرۆکێکی باشی پیشانی خەڵک داوە بەڵام لە لایەکی دیکەش ترەمپ وەک نوێنەری ئەمریکییە توڕەکان ناودەبردرێت".
راگەیاندنەکانی ئەمریکا ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە کلینتۆن لە دیبەیتەکەدا براوە بووە.
راگەیاندنەکانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە دا کە کلینتۆن ئاستێکی باشی لە دیبەیتەکە نیشانداوە و بۆیەش بەسەر ترەمپ سەرکەوتووە.
بەپێی ئەو راپرسییەکەی کە لە لایەن سی ئێن ئێن/ئۆ ئار سی لەسەر ٥٢١ دەنگدەری تۆمارکراو ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە سەدا ٦٢ی بەشداربووان پێیانوایە کلینتۆن لە دیبەیتەکەدا براوە بووە و بەرامبەر ئەمەش تەنھا ٢٧ی بەشداربووان دەنگیان لە بەرژەوەندی ترەمپ داوە.
لە دیبەیتەکەدا تاوتوێی بابەتەکانی ئابووری، دامەزراندن، رەگەزپەرستی، رێژەی تاوان و ئاسایشی نیشتمانی کرا.
ھەروەھا لە دیبەیتەکەدا ھەردوو پاڵێوڕاوەکە رەخنەی توندیان لە یەکتر گرت بەجۆرێک کە کلینتۆن ترەمپی بە پێنەدانی باج و لێدوانە رەگەزپەرستەکانی تۆمەتبار کرد و لە لایەکی دیکەش ترەمپ کلینتۆنی بە رەشکردنەوەی ٣٣ ھەزار ئیمەیلی تایبەت بە خۆی تۆمەتبار کرد.
تا ھەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەم دوو دیبەیتی تەلەفزیۆنی دیکە ئەنجام دەدرێت کە دووەمیان لە ٩ی تشرینی یەکەم لە زانکۆی وانشتۆن لە شاری ئێستی لویسی ویلایەتی میسوری ئەنجام دەدرێت و تیایدا پاڵێوڕاوی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکرات تیم کاینی و پاڵێوڕاوی جێگری سەرۆکی پارتی کۆمارییەکان مایک پێنسە بەشداری دەکات.
ئەنجامدانی دیبەیتی تەلەفزیۆنی لەئەمریکا لەوەتەی ساڵەکانی ١٩٦٠وە رۆڵێکی گرنگی ھەبووە بۆ ئەو دەنگدەرانەی کە دوو دڵن لە دەنگدان.