Abdullah Shukur
21 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2018
لەندەن - AA
بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا لەبارەی کوژرانی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "ھیچ شتێک ناتوانێت ڕەوایی بەم تاوانە بدات و ئێمە بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەین. بە پەلە پێویستە روونبکرێتەوە کە لە ٢ی تشرینی یەکەم چی روویدا. بۆئەوەی لێدوانەکانی سعوودیە لەبارەی خاشقچی باوەڕ پێکراو بن، پێویستە بەڵگەی سەلمێنراو بخرێتەڕوو" .
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، جێرمی ھۆنت و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ھایکۆ ماس و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ژان ئیڤ لۆدریان لەبارەی لێدوانەکانی سعوودیە پەیوەندیدار بە خاشقچی راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "ماوەیەکی درێژە ترسی ئەوە ھەبوو کە خاشقچی لە کۆنسولخانەی سعوودیە لە شاری ئیستانبوڵ بە شێوەیەکی دڕاندانە گیانی لەدەستداوە بەڵام لە دوای پشتڕاستکردنەوەی ئەو پرسە دووبارە رووداوەکە بووە مایەی شۆک. ھیچ شتێک ناتوانێت رەوایی بەم تاوانە بدات و ئێمە بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەین".
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا ھەر سێ وڵاتی بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا جەختیان لە گرنگی پاراستنی رۆژنامەنووسان کردەوە، راشگەیەنراوە، "کوشتن و ھەڕەشە و ھێرش بۆ سەر رۆژنامەنووسان بە ھیچ شێوەیەک مایەی قبوڵکردن نییە. ئەمانە بۆ ھەر سێ وڵاتەکە مایەی نیگەرانییە".