Ramal Mahmo
25 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2016
بەرلین - AA
"رێپێوانی ئاشتییانە بۆ حەلەب" بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە بۆردومانەکانی سووریا و گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بە لێقەوماوانی ئەو وڵاتە لە رێککەوتی ٢٦ی ئەم مانگە لە شاری بەرلین پایتەختی ئەڵمانیا، دەست پێ دەکات.
رێکخەری رێپێوانەکە رۆژنامەوانی پۆلۆنی و نووسەری بلۆگەر، ئانا ئاڵبۆت ئاماژەی بەوە دا کە بانگهێشتی هەموو کەس دەکات بەشداری لەم رێپێوانە بکات و، گوتی: "بەتەواوی جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسیی، ئایینی، کولتوورییەوە پێویستە بەمەبەستی پشتیوانی و هاوسۆزی بۆ خەڵکی سووریا بەشداری لەم رێپێوانەدا بکەن و یەکتر باشتر بناسین. دەمی بەیانی رۆژی دووشەممە لە تەلپێمهۆفەوە بەڕێ دەکەوین کە ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی سووری لەوێ دەمێننەوە. هیوادارین سێ هەزار کەس بەشداری لە رێپێوانەکەدا بکەن. دەزانین ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەمەبەستی پشتیوانیکردنی ئێمە دێنە ئەوێ. ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش بەشێوەیەکی هێمایی تەنها لە رۆژی یەکەمدا لە رێپێوانەکە بەشداری دەکەن. هاووڵاتییانی ئاسایی ئەورووپا نایانەوێت چیدیکە بەرامبەربە کارەساتەکانی سووریا بێدەنگ دانیشن و دەیانەوێت گەورە بەرپرسانی ئەورووپا بەهانای خەڵکی لێقەوماوی سووریاوە بچن. ئامانج لەو رێپێوانە تەنها هاوسۆزی دەربڕین و پشتگیری نییە بۆ خەڵکی حەلەب، بەڵکو هاوسۆزی و پشتیوانیمانە بۆ تەواوی خەڵکی سووریا لە ناوچە گەمارۆدراوەکان".
ئالبۆت ئاماژەی بەوە دا کە دەیانەوێت رێپێوانەکە لە ئەڵمانیاوە دەست پێ بکەن، دواتر بە نۆرە بڕۆنە کۆماری چیک، نەمسا، سلۆڤانیا، کڕواتیا، سڕبیا، مەقدۆنیا، یۆنان و دواتر تورکیا لەوێشەوە هەوڵدەدەن بگەنە حەلەب. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە بە درێژایی رێگاکە چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن لەبارەی رووداوەکانی سووریا.
ئالبۆت ئاماژەی بەمەشدا کە هیچ پارتێکی سیاسیی و گرووپێک لە پشت ئەنجامدانی ئەم رێپێوانە نییە و، گوتی: "ئەم رێپێوانە بەڕووی هەموو کەسدا کراوەتەوە. لەکاتی رێپێوانەکەدا تەنها ئاڵای سپی بەرز دەکرێتەوە و رێگە نادەین بە بەرزکردنەوەی ئاڵای دیکە. سوپاسی تیمەکان دەکەین لە هاوکاریکردنمان لە رووی تەکنیکی، شوێنی مانەوە، تەندروستی. هەر کەسێک دەیەوێت خزمەتێک بەم رێپێوانە بکات دەتوانێت لە ڕێگەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک @CivilMarchForAleppo پەیوەندییمان پێوە بکات.
بەرنامە بۆ ئەوە دانراوە رێپێوانەکە لە ٢٦ی مانگ لەنزیک فڕۆکەخانەی کۆنی تەمپەلهۆف لە بەرلین دوای خوێندنەوەی گوتارێک دەست پێ بکات.
چالاکوانان دەیانەوێت رۆژی ٢٠-٢٥ کیلۆمەتر رێ بپێون، بە درێژایی رێگاکە لەو شارانەی دەمێننەوە چالاکی جۆراوجۆر لەبارەی رەوشی سووریاوە ئەنجام بدەن. ئەو چالاکوانە خۆبەخشانە ئامانجیان ئەوەیە دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی چوار مانگ رێگە دەبڕن بگەنە حەلەب.