Muhammet Ali Kemal
13 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2017
نەتەوە یەکگرتووەکان- AA
یونیسێف:
- ''لە سووریا زۆرترین منداڵ لە ساڵی 2016دا مردوون؛ ساڵی رابردوو لانیکەم، 652 منداڵ گیانیان لەدەستداوە''.
- ''زیاتر لە 850 منداڵ کە ژمارەیەکیان تەمەنیان 7 ساڵە، ناچارکراون بەشداریی شەڕ بکەن، ببنە خۆکوژ، پاسەوانی بکەن یان ببنە کەسانی ئەشکەنجەدەر''.
- ''لە ناوچە گەمارۆدراوەکان، 280 هەزار و لەو ناوچانەش کە دەست پێ راگەیشتنیان سەختە، 2 ملیۆن و 800 هەزار منداڵ پێویستییان بەهاوکاریی مرۆیی هەیە''.
- ''6 ملیۆن منداڵی سووریی بەهاوکارییە مرۆییەکان دەژین''.
سندوقی هاوکارییکردنی منداڵان سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان (یونیسێف) ئاشکرای کرد لە سووریا زۆرترین منداڵ لە ساڵی 2016دا، گیانیان لەدەستداوە کە ژمارەیان دەگاتە 652 منداڵ.
بەپێی دوایین راپۆرت کە لەلایەن یونیسێفەوە بڵاوکراوەتەوە، ساڵی رابردوو منداڵان لە سووریا بەرەوڕووی توندوتیژی و پێشێلکارییەکی ئەوتۆ بوونەتەوە کە ''تا ئێستا هاوشێوەی نییە''.
هەروەها ژمارەی ئەو منداڵانەی کە گیانیان لەدەستداوە، کەمئەندام بوون یان لە تەمەنی 7 ساڵیدا ناچارکراون بەشداریی لەشەڕدا بکەن بەشێوەیەک کە ''جێگەی سەرسووڕمانە'' هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە و لە راپۆرتەکەدا هاتووە ''لە سووریا زۆرترین منداڵ لە ساڵی 2016دا مردوون؛ ساڵی رابردوو لانیکەم، 652 منداڵ گیانیان لەدەستداوە''.
لە راپۆرتەکەی یونیسێفدا باس لەوەکراوە کە 255 منداڵ لە خوێندنگەکاندا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 850 منداڵ کە ژمارەیەکیان تەمەنیان 7 ساڵە، ناچارکراون بەشداریی شەڕ بکەن، ببنە خۆکوژ، پاسەوانی بکەن یان ببنە کەسانی ئەشکەنجەدەر.
گوتەبێژی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای یونیسێف، جولیێت تۆما لە لێدوانێکدا سەبارەت بەڕاپۆرتەکە، ئاماژەی بەوەکرد دۆخی منداڵانی سووریا خراپترین دۆخە و ئەوان بەزۆر راپێچی کەناری خەرەندێک کراون.
راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، لانیکەم 338 هێرش کراونەتە سەر نەخۆشخانەکان و کارمەندانی تەندروستی لە سووریا و ئەو منداڵانەی لە تەقینەوە، فیشەک یان بۆمبەکان، رزگاریان بووە، نەتوانراوە چارەسەری نەخۆشییەکانیان بکرێت، لەکاتێکدا دەتوانرا رێگریی لە تەشەکردنیان بگیرێت، بەبێدەنگیی گیانیان لەدەستداوە.
تیشک خراوەتە سەر ئەوەش کە لە ناوچە گەمارۆدراوەکان، 280 هەزار و لەو ناوچانەش کە دەست پێ راگەیشتنیان سەختە، 2 ملیۆن و 800 هەزار منداڵ پێویستییان بەهاوکاریی مرۆیی هەیە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە سێیەکی خوێندنگەکان لە سووریا رووخاون یان وەک حەشارگە و بۆ مەبەستی سەربازیی بەکاردەهێنرێن و لە ئێستادا، 2 ملیۆن منداڵ بێبەشن لە خوێندنگە.
لە ساڵی 2011ەوە کە شەڕی ناوخۆی سووریا دەستی پێکردووە، 6 ملیۆن منداڵی سووریی بەهاوکارییە مرۆییەکان دەژین، 2 ملیۆن و 300 هەزاری دیکەشیان لەهەریەک لە تورکیا، لوبنان، ئوردن، میسر و عێراق، ئاوارە و پەنابەرن.