Yıldız Nevin Gündoğmuş
19 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2022
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رۆژانی ٢٠-٢٣ی شوباتدا گەشتێک بۆ هەرسێ وڵاتی ئەفەریقی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، سەنیگال و گینێ بیساو ئەنجامدەدات.
بەگوێرەی راگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە میانەی ئەم سەردانانەدا، ئەردۆغان چەند کۆبوونەوەیەکی فەرمی ئەنجام دەدات و، گفتوگۆ لەسەر سەرجەم رەهەندەکانی پەیوەندی نێوان تورکیا و ئەو وڵاتانە دەکات. هەروەها جەخت لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا و وڵاتانی ئەفەریقا دەکاتەوە.
سەرکۆماری تورکیا، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ داکاری پایتەختی سەنیگال، لەگەڵ سەرکۆماری ئەو وڵاتە، ماکی سال، بەشداری رێوڕەسمی کردنەوەی یاریگای ئۆڵۆمپیکی سەنیگال دەکات کە لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکییەوە دروستکراوە و، جێگای ٥٠ هەزار کەسی تیادا دەبێتەوە.
هەروەها ئەردۆغان بەشداری رێوڕەسمی کردنەوەی بینای نوێی باڵیۆزخانەی تورکیا لە داکار، دەکات.
لە لایەکی دیکەشەوە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ گینێ بیساو، دەبێتە یەکەم سەردانی تورکیا بۆ ئەو وڵاتە کە لەسەر ئاستی سەرکۆمار ئەنجامدرابێت.