Murat Paksoy
01 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2020
ئیستانبوڵ - AA
دوو ساڵ بەسەر کوژرانی رۆژنامەنووسی سعوودی و نووسەر لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، جەمال خاشقجی تێدەپەڕێت کە لە دووی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا کاتێک بۆ کاروباری هاوسەرگیری سەردانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئیستانبوڵ کرد کوژرا.
نووسەری واشنتۆن پۆست، جەمال خاشقجی کە یەکێک بوو لە رۆژنامەنووسە کاریگەرەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رووداوی کوژرانی لەنێو کۆنسولخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ هێشتا لە بیرو هزردا ماوە.
لەو ماوەیەی بەسەر ئەو تاوانەدا تێپەڕیوە زانیاری ئاشکرابووە لەبارەی ئەوەی کە خاشقجی کەی و لە کوێ و چۆن کوژراوە، بەڵام تا ئێستا روونکردنەوەیەکی فەرمی نییە سەبارەت بەوەی تەرمەکەی لە کوێیە.
هەر دوای کوشتنی جەمال خاشقجی لە ئەنجامی هەوڵی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەو لێکۆڵینەوەیەی لە تورکیا بەڕێوەچوو بەڵگە لەو بارەیەوە خرایەڕوو و لە سایەی دیپلۆماسی کاریگەر گوشاری نێودەوڵەتی دروستکرا، بەوەیش حکوومەتی سعوودیە کە لە سەرەتادا نکۆڵی دەکرد، ناچاربوو دان بەو تاوانە قێزەونەدا بنێت لەبەردەم رای گشتییدا.
سعوودیە کە وەڵامی نەرێنیی هەبوو بۆ دادگاییکردنی تێوەگلاوانی رووداوەکە لە تورکیا، دۆسیەی لەبارەی ١١ کەس لەسەر ئەو تاوانە کردەوە کە پێنجیان داوای سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە و دادگایی کران.
ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کوشتنی بێ دادگاییکردن، ئاگنیس کالامارد لە راپۆرتێکیدا کە سەبارەت بە کوشتنی خاشقجی ئامادەی کردووە، رایگەیاند ''بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، جەمال خاشقجی لە ئەستۆی سعوودیەدایە کە بووە قوربانیی کوشتنی بێ دادگاییکردن بە ئەنقەست و بەرنامە بۆداڕێژراو''.
لە راپۆرتەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە سعوودیە داوای لێبوردن لە تورکیا بکات بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئیمتیازاتی دیپلۆماسییەکانەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە دەوڵەتێکی بەرپرسیار لەم نێوەددەدا هەیە.
جێنشینی سعوودیە، شازادە محەمەد بن سەلمان سەبارەت بە کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقجی لە کۆنسولخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ، رایگەیاند ''ئەو رووداوە لەژێر بەرپرسیارێتی مندا روویدا، هەموو بەرپرسیارێتیەک دەگرمە ئەستۆ''.
لە لایەکی دیکەوە کوڕی جەمال خاشقجی، سەڵاح خاشقجی بە ناوی خانەوادەکەیەوە کە بەیەکەوە لە سعوودیە دەژین لە مانگی ئایاردا لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاوی کردەوە کە لە بکوژانی باوکیان خۆش بوون.
لە تویتەکەیدا سەڵاح ئاماژەی بەوە کرد کە لەبەر رەزامەندی خوا ئەو بڕیارەیانداوە و ئایهتهكی سورهتی شورای بڵاوكردهوه كه دهفهرموێت: "وَجَزَاءُ سَيِّئَةٍ سَيِّئَةٌ مِثْلُهَا ۖ فَمَنْ عَفَا وَأَصْلَحَ فَأَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ ۚ إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الظَّالِمِينَ ﴿٤٠﴾ " تەفسیرەکەی بە زمانی کوردی ''تۆڵهی خراپه كارێكه له وێنهی خۆی، بهڵام ههركهسێك له خراپهكارهكه ببورێ و لێیخۆش ببێت ئهوا پاداشتی لای خوایه. خوا ستهمكارانی خۆش ناوێت''.