Abdullah Shukur
15 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2019
بەلگراد - AA
وەزیری دەرەوەی سربیا، ئیڤیکا داسیس لەبارەی ئەوەی کە ئەو تیرۆریستە لە کاتی چوونی بۆ مزگەوت لە نیوزلەندا گوێی لە گۆرانی سربی گرتووە و ناوی کەسایەتییەکانی مێژوویی سربیای لەسەر چەکەکانی نووسیوە، گوتی: "سربیا ھیچ پەیوەندییەکی بەو ھێرشە تیرۆریستییەوە نییە".
داسیس کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە بەلگراد ساز کرد و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی ئەو کەسانە کرد کە لە ھێرشە تیرۆریستییەکەی نیوزلەندا کوژراون و ھیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست.
وەزیری دەرەوەی سربیا رایگەیاند کە وڵاتەکەی ھیچ پەیوەندییەکی بە ھێرشە تیرۆریستییەکەی نیوزلەنداوە نییە و گوتیشی: "ئێمە داوامان لە ھیچ کەسێک نەکردووە کە تۆڵەی قوربانیان وەربگرێتەوە. ئیدانەی خراپ بەکارھێنانی ئەو ناوانە دەکەین بەم شێوەیە. ئەم جۆرە رووداوانە زیان بە بەرژوەندییەکانمان دەگەیەنێت. بەرەنگاری ئەم جۆرە خراپ بەکارھێنانانە دەکەینەوە".
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە تیرۆریستەکە لەکاتی رووداوەکەدا بڵاویکردووەتەوە، ناوی کەسایەتییەکانی وەک لازەر ھرێبلجانۆڤیچ، میلۆس ئۆبیلیج، نۆڤاک ڤوچۆسێڤیچ کە لە دژی عوسمانییەکان شەڕیان کردووە لەسەر چەکەکەی نووسراون.