14 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2019
ریاز ــ AA
كاربەدەستانی سعوودیە رایانگەیاند، ئەو ئاگرانەی كە بەهۆی هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە لە دوو پاڵاوگەی نەوتی كۆمپانیای ئارامكۆ لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا كەوتنەوە، كۆنتڕۆڵكراون و هاوكات حووسییەكان بەرپرسیاریەتی خۆیان لە ئەنجامدانی هێرشەكە راگەیاند.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە لە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەكەی كە ناوی ئاشكرانەكردووە گواستەوە كە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، ئاگر لە دوو پاڵاوگەی نەوتی كۆمپانیای ئارامكۆ لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا كەوتنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە ئاماژەی بەوەشكردووەكە تیمی ئاسایشی پیشەسازی سەربە كۆمپانیای ئارامكۆ توانیویانە رێگری بكەن لە پەرەسەندنی ئاگرەكان و كۆنتڕۆڵیان كردووە.
لە لایەكی دیكەوە كەناڵی ئاسمانی ئەلعەرەبییە پشتڕاستیكردەوە كە ئاگرەكان كۆنتڕۆڵكراون و هیچ زیانێكی گیانیان لێ نەكەوتووەتەوە.
هاوكات گوتەبێژی حووسییەكان، یەحیا سەریع بەرپرسیاریەتی خۆیان لە ئەنجامدانی هێرشەكە راگەیاند و ئاشكرایكردووە كە بە ١٠ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیان كردووتەوە سەر دوو پاڵاوگەی نەوت لە هەردوو پارێزگای بەقیق و خەریس رۆژهەڵاتی سعوودیە.
گوتەبێژی حووسییەكان باسی لەوەشكردووە كە بە ئامانجكردنی هەردوو پاڵاوگەوی نەوتی بەقیق و خەریس، گەورەترین هێرشە كە بۆ قوڵایی سعوودیە ئەنجامیانداوە.
یەحیا سەریع ئاماژەی بەوەشكردووە كە هێرشەكان لە وەڵامی هێرشی ھاوپەیمانییەتی عەرەبی بە رابەڕایەتی سعوودیە، بۆسەر پێگەی حووسییەكان لە یەمەن ئەنجامدراون.