Ekip,Ramal Abdullah Mahmood
11 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2018
غوتەی رۆژهەڵات/ئیدلب/ئەنقەرە – AA
لە ئاکامی پێشێلکردنی ئاگربەستەکە و چڕکردنەوەی بۆردومانەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و پشتیوانەکانی لەم ماوەیەی دواییدا بۆ سەر ناوچەکانی ئیدلب و غوتەی رۆژهەڵات کە بەشێکن لە ناوچەکانی لە پێکدادان پارێزراوەکان، سەدان هاووڵاتیی سڤیل کوژراون.
لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ەوە غوتەی رۆژهەڵاتی گەماردۆدراو لە لایەن رژێمی بەشار ئەسەدەوە کە سەر بە گوندەوارەکانی دیمەشقە، بۆتە ئامانجی هێرشە وشکانی و ئاسمانییە توندەکانی رژێم و پشتیوانانی.
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە ناوچەکەوە بە پەیامنێرانی ئاژانسی ئانادۆڵو گەیشتوون، هەردوو قەزای دوما و حەرەستا و ناحیەکانی حەمورییە، مەرج، عەربین، سەبقا، میسرابا، مەدیەرە، زەمەلکا، جیسرین، عەین تەرما و بەیت ساوای سەر بە غوتەی رۆژهەڵات کەوتوونەتە بەر بۆردومانی قورسی رژێم.
بە پێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆکراونەتەوە لە ئاکامی ئەو هێرشانەی لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ەوە تاکو ئێستا بۆ سەر غوتەی رۆژهەڵات ئەنجام دراون، ٣٠٣ هاووڵاتی سڤیل کوژراون کە پێنجیان کارمەندانی بەرگری شارستانی بوون، هەروەها ژمارەی بریندارانیش هەزار و ٤٠٠ کەسی تێپەڕاندووە.
لە ماوەی ئەم هەفتەیەی دواییشدا لە ئاکامی هێرشەکانی رووسیا کە پشتیوانی رژێم دەکات بە تێکڕایی ١٦١ هاووڵاتی سڤیل کوژراون.
- لە ماوەی سێ هەفتەی دواییدا لە ئیدلب زیاتر لە ٩٥ هاووڵاتیی سڤیل کوژراون
ماوەی سێ هەفتەیە رژێمی سووریا و رووسیای پشتیوانی هێرشەکانیان بۆ سەر ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا چڕکردۆتەوە کە یەکیکە لە ناوچە لە پێکدادان پارێزراوەکان.
رژێم و رووسیا هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر قەزاکانی خان شەیخون، سەرابیک، کەفەر سیجنە، کەفر نوبل، مەعەرەت نوعمان و ئەلتەمانییە و گوندەکانی مەعارشورین، مەعارەتیهرمە و ئەلتوهی ئەو پارێزگایە چڕکردۆتەوە. بەرگری شارستانی رایگەیاندووە لە ئاکامی ئە وهێرشانەدا، زیاتر لە ٩٥ هاووڵاتیی سڤیل کوژران و زیاتر لە ٢٠٠ی دیکەش بریندار بوون.
لە لایەکی دیکەیشەوە پێکدادانی سەخت لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و گرووپەکانی دژ بە رژێم لە گوندەوارەکانی باشووری شاری ئیدلب بەردەوامە.
دوای ئەوەی هێزەکانی سەر بە رژێمی بەشار ئەسەد دەستیان بەسەر شارەدێی سینجاری باشووری شاری ئیدلبدا گرت، بەرەو فڕۆکەخانەی ئەبو زوهر ئاراستەیان گۆڕی کە گرنگییەکی ستراتیجی لەخۆ دەگرێت.
لە میانی دانوستانەکانی ئاستانا لەبارەی رەوشی سووریا لە ٤-٥ی ئایاری ٢٠١٧ غوتەی رۆژهەڵاتی سەر بە گوندەوارەکانی دیمەشق و ئیدلبی نزیک سنووری تورکیا وەک ناوچەی لە پێکدادان پارێزراو راگەیەندرابوون.