Meiramgul Kussainova
12 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2022
ئاستانا – AA
چاوەڕێ دەکرێت لە میانی شەشەمین لووتکەی کۆنفرانسی هاوکاری و رێوشوێنەکانی بونیاتنانی متمانە لە ئاسیا "CICA" کە بڕیارە ١٣ی تشرینی دووەم لە ئاستانا پایتەختی کازاخستان بەڕێوە بچێت، بڕیاری نوێ بدرێت لەبارەی هێنانەدی دیالۆگ و ئاشتی لەنێوان وڵاتانی ئەندامدا.
لووتکەکە کە بە میوانداری سەرکۆماری کازاخستان، قاسم جۆمەر تۆکایەڤ ئەنجام دەدرێت و زیاتر لە ١٠ سەرۆک وڵات و نزیکەی ٥٠ گەورە بەرپرسی ٢٧ وڵاتە ئەندامەکەی کۆنفرانسی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ زیادکردنی متمانە و هەماهەنگی لە ئاسیا بەشداری تیادا دەکەن، هەروەها هەریەک لە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین'یش بەشدار دەبن تیایدا.
کۆنفرانسی هاوکاری و رێوشوێنەکانی بونیاتنانی متمانە لە ئاسیا کە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر و بە دەستپێشخەری کازاخستان کە لە میانی کۆبوونەوەکانی خولی ٤٧ەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەمەبەستی بەهێزکردنی هەماهەنگی و متمانە لەنێوان وڵاتانی کیشوەری ئاسیا بەردی بناغەی داندرا، لەئێستادا بەردەوامە لەوەی ببێت بە رێکخراوی نێودەوڵەتی و شەشەمین لووتکەیش بەم هۆیەوە "گرنگی مێژوویی" لەخۆ دەگرێت.
چاوەڕێ دەکرێت لە میانی لووتکەکەدا، هەنگاوی گرنگ بندرێن و بڕیاری نوێ بدرێن لەبارەی هێنانەدی دیالۆگ و ئاشتی لەنێوان وڵاتانی ئەندامدا کە بە رەچاوکردنی رەوشی جوگرافیای سیاسی ناوچەکە نوێنەرایەتی نزیکەی لەسەدا ٩٠ی کیشوەری ئاسیا لە "CICA"دا هەیە.
- "تورکیا رۆڵی زۆر گرنگی گێڕاوە"
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری "CICA"، کایرات ساریبای لەبارەی لووتکەی شەشەمەوە کە بە سەرۆکایەتی دەمکی کازاخستان ئەنجام دەدرێت بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "تورکیا لە ٢٠١٠-٢٠١٤ سەرۆکایەتی دەمکی "CICA" بوو و رۆڵی زۆر گرنگی گێڕا. بۆ نموونە ئێستا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر یەکێکە لە مادە گرنگەکانی. رۆڵی پێشەنگانەی تورکیا بۆ ئەم بابەتە زۆر بەهادارە".
لەبارەی لووتکەی شەشەمی "CICA"یشەوە ساریبای گوتی: "هیوادارین لە لووتکەکەدا هەنگاوی کردەیی مەزن بندرێت لەبارەی ئەوەی "CICA" وەک رێکخراوێکی تەواوەتی چۆن چۆنی دادەڕێژرێتەوە و نەخشەڕێگا و کارنامەکەی چۆن چۆنی دەبێت".
"CICA" کە لە رێکخراوی هەماهەنگی و کاروباری ئەمنیی ئەورووپا دەچێت و لە ٢٧ وڵاتی ئەندام و نۆ وڵاتی ئەندامی چاودێر پێک هاتووە، لەسەر پێنج بنەمای سەرەکی کار دەکات ئەوانیش: ئابووری، ژینگە، مرۆیی، ئاڵنگارییە نوێیەکان و هەڕەشەکان، سەربازی و سیاسین.