Zana Natık Kerem
09 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2016
نەینەوا ــ AA
فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە هێرشێكی ئاسمانیدا، بە چڕی شوێنی بۆمبڕێژكردن و كارگەیەكی دروستكردنی بۆمب سەربە رێكخراوی داعشیان لە ناو مووسڵدا بە چڕی بۆردومان كرد.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە ناو مووسڵ کە خۆی ناوناوە ئەبو ئەحمەد لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "فڕۆكەكانی جەنگی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە چڕی كۆگاكانی خۆراك لە گەڕەكی تەئمیم لە بەری چەپی مووسڵ بۆردومان كرد كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش كردبووە شوێنی كارگەی دروستكردنی بۆمب و بەرمیل و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوە".
سەرچاوەكە گوتیشی: "لە ئاكامی بۆدرومانەكە، 21 تیرۆریست كوژراون و شوێنەكەیش بە تەواوەتی خاپوور کرا".
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەیش كرد کە لە دوای بۆردومانەكە چەند تەقیینەوەیەكی بەهێز لە ناوچە جیاجیاكانی مووسڵ روویان دا.
هەر بەگوتەی سەرچاوەكە، رێكخراوی تیرۆریستی داعش تیمەكانی بەرگری شارستانی و ئۆتۆمبیلەكانی ئامپوڵانس ناردە شوێنی رووداوەكان و سەرجەم ئەو رێگە و شەقامانەی داخست كە دەچنەوە سەر گەڕەكی تەئمیم.
بەر لە دیاریكردنی سەعاتی سفر بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ، ماوەیەكە فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی هێرشە ئاسمانەكانیان بۆسەر شوێن و ئامانجەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ناو شارەكە چڕ كردووەتەوە.