Ömer Faruk Yıldız
08 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2021
کوالا لومپور- AA
دوای ئەوەی لە میانمار، کودەتای سەربازی ئەنجامدرا و سەرۆک و ئەندامانی حکوومەت دەستبەسەرکران، دەیان هەزار لە هاووڵاتییان رژانە سەر شەقامەکان و ئیدانەی کودەتاکەیان کرد.
لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ئەوە دەردەکەوێت کە لە شاری نەپیدۆی پایتەخت و ژمارەیەک شاری دیکە خۆپیشاندان ئەنجامدراوە.
لە خۆپیشاندانەکاندا ژمارەیەکی زۆر خوێندکار، کرێکار و پیاوانی ئایینی بوودی بەشدارییان کردووە و ئاڵای پارتی رابیتەی نیشتمانیی لە پێناو دیموکراتییەت-دایان بەرزکردووەتەوە کە بەرلە ئەنجامدانی کودەتا دەسەڵاتداربوو.
خۆپیشاندەران داوای ئازادکردنی سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان دەکەن کە لەئێستادا دەستبەسەرن.
هەرچەندە هێزەکانی پۆلیس داوایان لە خۆپیشاندەران کرد بڵاوەی لێبکەن بەڵام خۆپیشاندانەکە بەردەوام بوو، دواتر پۆلیس بە ئاوی قەتیسکراو بڵاوەی بە خۆپیشاندەران کرد.
لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا ئەوە دەردەکەوێت کە لە کاتی بڵاوەپێکردنەکەدا بەشێک لە خۆپیشاندەران برینداربوون.
- گەورەترین خۆپیشاندان لە 14 ساڵی رابردوو لە میانمار بەڕێوەچوو
رۆژی شەشی ئەم مانگە لە شارە جیاوازەکانی میانمار خۆپیشان دژبە کودەتا ئەنجامدرا.
لە یەکەم رۆژی خۆپیشاندانەکاندا بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغەکران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک گرتەی خۆپیشاندانەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە.
وەک لە گرتەکاندا دەردەکەوێت خۆپیشاندانەکان، بەشێوەیەکی بەرچاو قەرەباڵغن و لە ساڵی ٢٠٠٧وە تا ئێستا قەرەباڵغترین خۆپیشاندانە لە میانمار ئەنجامدرابێت.
خۆپیشاندانەکان سنوورەکانی ئەو وڵاتەیان تێپەڕاندووە و لە ژاپۆن و تایلاند خۆپیشاندان لەبەردەم باڵیۆزخانەی میانمار بەڕێوەچوو.
رۆژی یەکی شوبات سوپای میانمار کودەتای ئەنجامدا و باری نائاسایی راگەیاند.