Hemin Hüseyin
12 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2017
هەولێر - AA
شاندێکی باڵای عێراق بە سەرپەرشتی وەزیری نەوت، جەبار لعێبی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لە لایەن گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی پێشوازی لێکرا.
شاندەکەی عێراق پێکهاتووە لە وەزیری نەوت، جەبار لعێبی و وەزیری پەروەردە، محەمەد ئیقبال و وەزیری کشتوکاڵ، فەلاح حەسەن زێدان و وەزیری کارەبا، قاسم فەهداوی و بریکارەکانی وەزارەتی دارایی، کارەبا، نەوت، پەروەردە و کشتوکاڵ، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکارەکانی حکوومەتی عێراق.
شاندەکەی حکوومەتی عێراق لە لایەن گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئاشتی ھەورامی و وەزیری پەروەردە، پشتیوان سادق و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم و بریکاری وەزارەتی کارەبا، ھۆگر شاڵی پێشوازییان لێکرا.
ھاتنی ئەو شاندە بۆ ھەولێر لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بووە بۆ ئەوەی گفتوگۆی تازە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکرێت و بڕیاریشە شاندەکە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی کۆببێتەوە.
بە پێی زانیارییەکان بڕیارە گفتوگۆ لەسەر دوو تەوەر بکرێت، یەکێکیان لەسەر ئەو کێشە ھەڵپەسێردراوانەی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھەیە کە بریتین لە پرسی دارایی و نەوت و ئاو و کشتوکاڵ، هەروەها کەرتی نەوت لە سنووری پارێزگای کەرکووک، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان دەبێت.