Dlshad Saifaalddin Ahmed
08 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2019
ریاز ـ AA
هاوپەیمانییەتی عەرەبی كە لە لایەن عەرەبستانی سعوودیەوە سەرۆكایەتی دەكرێت لە دوایین پێشهاتەكانی پارێزگای عەدەن باشووری یەمەن نیگەرانە و جەختیش دەكاتەوە لەوەی هیچ زیانێك بۆ بەرژەوەندی گەلی یەمەنی قبوڵ ناكات.
گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانییەتی عەرەبی، عەقید تركی مالكی لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی هەواڵیی سعوودیە بڵاویكردووەتەوە رایگەیاندووە كە "سەركردایەتی هاوبەشی هاوپەیمانییەتی عەرەبی بە هەموو شێوەیەك ئەو پێشهاتە مەترسیدارانە رەت دەكاتەوە".
ترکی مالکی لەو بەیاننامەیەدا كە ناونیشانەكەی "هیچ زیانێك لە بەرژەوەندییەكانی گەلی یەمەنی قبوڵ ناكەین"، داوای لە هەموو لایەن و پێكهاتەكان كردووە بە عەقڵ و خستنەپێشەوەی بەرژەوەندی نیشتمانی و كاركردن لەگەڵ حكوومەتی یەمەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەی كە بە قۆناغێكی جێگای نیگەرانی ناوی بردووە، مامەڵە بکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەیش كردووە "گرنگە سەیری دۆخە جیاوازەكە بكەین و هەل خۆش نەكەین بۆ میلیشیا تیرۆریستییەكانی حووسی، ئەلقاعیدە و داعش و ئەوانەی کە ئاگری دووبەرەكی و ناكۆكییان لە نێوان گەلی یەمەنی خۆشكردووە".
دوێنێ باڵیۆزی سعوودیە لە یەمەن، محەمەد ئال جابر لە تویتێكدا بڵاویكردەوە كە حووسییەكان تاكە سوودمەندن لەو رووبەڕووبونەوانەی كە دوێنێ لە شاری عەدەن باشووری یەمەن روویاندا، جەختی لەوەش كردەوە كە عەدەن بە ئارامی و سەقامگیری بە حیكمەتی ئاقڵەكان و بە پشتیوانی هاوپەیمانی دەمێنێتەوە.
ئەو نیگەرانییانەی سعوودیە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ بەرپرسێكی سەربازی یەمەنی كوژراو و سەربازێكیش بریندار بوو لە ئەنجامی سەرهەڵدانەوەی پێكدادانەكان لەگەڵ هێزەكانی پشتێنەی ئەمنی كە لە لایەن ئیماراتەوە پشتیوانی دەكرێن لە پارێزگای عەدەن.
پێش ئەوەش بە چەند كاتژمێرێك كەسێك كوژراو و دوو كەسی تریش برینداربوون بە هۆی شەڕوپێكدادانی نێوان هێزەكانی سەربە پاراستنی سەرۆكایەتی و هێزەكانی پشتێنەی ئەمنی.