Abdullah Shukur
16 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2018
رامەڵڵا - AA
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین، ئەحمەد مەجدەلانی رایگەیاند کە ئیدارەی ئەمریکا مۆڵەتی نشینگەی نوێنەری رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین لە واشنتۆن، حوسام زۆملۆت و خانەوادەی ھەڵوەشاندووەتەوە و گشت ھەژمارە بانکییەکانی ئەو رێکخراوەی داخستووە.
مەجدەلانی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بڕیاری داخستنی ھەژماری بانکەکان لە ھەمان رۆژی داخستنی ئۆفیسی رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین لە واشنتۆن دەرکراوە.
مەجدەلانی ئیدانەی ئەم ھەنگاوەی ئەمریکای کرد و راشیگەیاند کە ئەو بڕیارە گونجاو نییە لە رووی مرۆیی و دیپلۆماتیکی.
گوتیشی: "ئیدارەی ئەمریکا مۆڵەتی نشینگەی نوێنەری رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین لە واشنتۆن، حوسام زۆملۆت و خانەوادەی ھەڵوەشاندووەتەوە. ھاوکات گشت ھەژمارە بانکییەکانی ئەو رێکخراوەی داخستووە. ئەگەر ناکۆکی دیپلۆماتیکی لە ئارادا بێت ئەوا منداڵانی بچووک (منداڵاتی زۆملۆت) چ تاوانێکیان ھەیە؟ لەو شوێنە دەچینە قوتابخانە بەڵام مۆڵەتی نشینگەیان ھەڵوەشاندووەتەوە".
سکرتێری لێژنەی جێبەجێکردنی رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین سائیب عرێقات لەوەو پێش رایگەیاندبوو کە لە لایەن ئیدارەی ئەمریکاوە لە بڕیاری داخستنی نووسینگەی نێردەی رزگاریخوازی فەڵەستین لە واشنتۆن ئاگادارکراونەتەوە و ئاماژەی بەوەشدابوو کە ئەو بڕیارە وەک سزایەک بۆ بەردەوامی کارکردنی فەڵەستین لەگەڵ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دژ بە تاوانەکانی ئیسرائیل دەرکراوە.